بەرەو جەنگێک کە خۆشمان هەستی پێناکەین !

بەرەو جەنگێک کە خۆشمان هەستی پێناکەین!!


ئامادەکردن: ڕاوێژ عمر.
دەرچووی بەشی بایۆلۆجی.


هەموو جیهان سەرقاڵە بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەڵام بێ ئاگاین لەوەی کەلە ئێستادا لەجەنگێکداین چەندین ساڵە بەرۆکی گرتوین و لە داهاتووشدا زۆر زیاتر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کێشە بۆ دانیشتوانی زەوی دروست دەکات!!!
هەر لەسەرەتای ساڵی 2020 ەوە هەموو جیهان گرفتاربوو بەدەست بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی نوێ بە ناوی ڤایرۆسی کۆرۆنا وە ئێستاشی لەسەر بێت کە زانایان باس لەوە دەکەن کە جۆرێکی نوێ لەم ڤایرۆسە یاخود بازدانێك لەم ڤایرۆسەدا ڕوویداوە کە بۆتە هۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە بە شێوازێکی زۆر خێراتر.
بەڵام لەهەمان کاتدا مرۆڤایەتی بە کارەساتێکی زۆر گەورەتردا تێپەڕدەبێت و ڕۆژانە لەناو بنکە پزیشکیەکان ڕووبەڕووی پزیشکان و کارمەندانی تاقیگەکان دەبێتەوە، ئەویش بابەتی نەمانی کاریگەری دژە زیندەییەکانە یاخود(ئەنتی بایۆتیك) لە نموونەکانی ئەمۆکسیلین و زۆرێکی دیکە لە هاوشێوەکانی لەسەر بەکتریاکان.
زۆرجار کارمەندانی تاقیگە ١٠ یاخود زیاتر لەم ژمارەیە لە دژەزیندەییەکان تاقی دەکەنەوە تا بتوانن دەرمانێکی گونجاو بۆ نەخۆشەکە بدۆزنەوە کە تووش بە جۆرێك لە هەوکردن بوە.
پێدەچێت زۆرێکتان خۆتان یان منداڵەکانتان هەستتان بەو جۆرە کێشەیە کردبێت کەوا دکتۆر دەرمانت بۆ دەنووسێ بەڵام سەیر دەکەیت هیچ کاریگەری نابێت یاخود دوایی ماوەیەک دووبارە هەمان نەخۆشی سەر هەڵدەداتەوە.
بۆیە لەم حاڵەتەدا پەنا دەبرێتە بەر بەکارهێنانی دژە زیندەیی زۆر بەهێزتر، وە بە نرخێکی زۆر گرانتر کە هەم لەسەر کۆمپانیەکان دەکەوێت بۆ دروست کردنی هەم لەسەر خەڵکیش.
بە پێی داتاکان لە ئێستادا ساڵانە بە نزیکەیی ٧٠٠٠٠٠ کەس لە جیهاندا بەهۆی ئەو نەخۆشیانەوە گیان دەسپێرن کە بەهۆی بەکتریا بەرهەڵست کارەکان دروست دەبێت.
بە پێی پێشبینیەکان لەگەڵ نزیک بوونەوەمان لە ساڵی ٢٠٥٠ ساڵانە بە نزیکەیی ١٠ ملیۆن کەس بەهۆی نەمانی کاریگەری دژە زیندەییەکانەوە گیان لەدەست دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی WHO کە لەساڵی ٢٠١٤ دا بڵاوی کردۆتەوە باس لەوەدەکەن کەئەم بابەتە لە پێشبینی کردن دەرچوەو بۆتە ڕاستیەك کە ئێستا لە ناوماندا ڕوودەدات لەهەموو ناوچەکانی جیهان و لەهەموو تەمەنێکیدا بەدەردەکەوێت.
ئەگەر بێت و چارەسەرێک بۆ زیاتر تەشەنە سەندنی ئەم کێشەیە نەکرێت ئەوا لە داهاتوودا سادەترین نەخۆشیەکان کەلە ئێستادا چارەسەریان هەیە دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆسەر دانیشتوانی جیهان.
لە وڵاتە پێگەیشتوەکانی دونیادا زانکۆکان هۆکاری بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگەن، بەبەردەوامی لەگەڕاندان تا بتوانن باشترین ڕێگاچارە بدۆزنەوە تا ڕێگری بکەن لەوەی بەکتریاکان کەمترین بەرهەڵستیان هەبێت بەرامبەر ئەو دەرمانانەی دروست دەکرێن.
خوێندکارانی زانکۆکانی ئێمەش دەتوانن ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت لەم بوارەدا ئەویش لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوە بێت لە تاقیگەکان، یاخود ئەنجامدانی چالاکی و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێك بابەت کەوا کۆمەڵگای پێ هۆشیار بکرێتەوە.
لەگەڵ کۆمەڵێك لە هاوڕێیان لەماوەی چوارساڵی زانکۆدا کارمان لەسەر بەشێک لەو بەکتریا بەرهەڵستکارانە کردوە و گەڕانەوەمان بۆ بەکارهێنانی ڕووەکەکان بەیەکێك لە چارەسەرە گونجاوەکان داناوە بۆ بەرەنگار بونەوەی ئەم بەکتریا بەرهەڵست کارانە. وەهەمان بابەتمان لە کاتی بەژداریکردنمان لە کۆنفرانسێك لە وڵاتی ئەڵمانیا لەگەڵ بەشێکی دیکە لە توێژەران تاوتوێ کردوەو ئەوانیش ئەم بابەتە بە کێشەیەکی گەورە دەبینن.
هەروەها لە توێژینەوەی کۆتا قۆناغی زانکۆدا لەگەڵ (سۆما سەردار باراوی – دەرچووی بەشی بایۆلۆجی) کە سەبارەت بە دروستکردنی نانۆپارتیکڵ ئەنجاممان دا، کە یەکێکە لە زانستە تازەکان و لەزۆرینەی وڵاتانی دنیا ئێستا گرنگیەکی تایبەتی پێدەدرێت لەزۆر بواری جۆربەجۆردا، بەکارهێنانی ئەم نانۆپارتیکڵانەمان بە یەکێك لە چارەسەرە گونجاوەکان داناوە کە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بەهەمان شێوە. بێگومان هەر یەك لەم ڕێگایانەش لە لایەن زانایانی جیهانەوە بە ڕێگایەکی پەسەند دانراون ئەگەر بێت و زیاتر پەرەیان پێبدرێت.
زۆرێک لەهۆکارەکان هەن کە بونەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەم بابەتە کە لەهەموو جیهاندا ترسێکی گەورەی هەیە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرنگیەکی کەمتری پێدەدرێت :

  • زۆر بەکارهێنان و بەردەستبوونی دژەزیندەییەکان لە زۆرینەی کلینکی گەڕەکەکان.
  • نەبوونی هۆشیاری نەخۆش کە چۆن دەرمانەکانی لە کاتی خۆیدا بەکار بێنێت.
  • زۆر جار لە کاتی تووشبوون بە هەڵامەت یان کۆکە یەکسەر پەنا دەبرێتە بەر ئەم دژە زیندەییانە، کە خۆی لە ڕاستیدا پێ ئەچێت هۆکاری نەخۆشیەکەت ڤایرۆس بێت.
  • لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بوارەکانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵکردن ئەم دژەزیندەییانە بەکاردەهێنرێن بۆ پاراستنی بەروبومەکان.
    بۆیە بە ڕای من ئەگەر هەر لەسەر ئەم سیستمە بڕوات و خەڵکی هیچ هۆشیاری خۆی بەرزنەکاتەوە، ئەوە ڕووبەرووی کارەساتێک دەبینەوە کە چارەسەرکردنی و کۆنتڕۆڵ کردنی زۆر ئەستەم دەبێت.
    لە ئێستادا دەتوانین خۆمان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزین لەڕێگەی جێبەجێ کردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان کەلەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە بڵاودەکرێتەوە ڕۆژانە، بەڵام خۆپاراستنمان لەم جەنگەی لە ئێستادا لەناویداین زۆر گرنگترە.
  • دەتوانن خوێنەری هەندێکی دیکە لە زانیاریەکان بن لەم لینکەوە سەبارەت بە بەکتریا بەرهەڵست کارەکان:
  • https://antimicrobialsworkinggroup.org/antimicrobial…/
  • https://www.cdc.gov/drugresistance/about.html