وەرینی مووەکان لە تووشبووانی شێرپەنجە

هۆکاری وەرینی مووەکان لە تووشبووانی شێرپەنجەدا

شێرپەنجە بە هەموو جۆرەکانییەوە ئەو نەخۆشییە کوشندەیەی کە تا ئەم سەردەمە پێشکەوتووەی مرۆڤایەتی لە سەرجەم ڕەهەندەکانی ژیاندا و بەتایبەت لە ڕەهەندی تەندروستیشدا دێوەزمەی نێو نەخۆشییە کوشندەکانە و ڕۆژانە هەزارەها کەس بە هۆکاری ئەم نەخۆشییە گیان دەسپێرن و هەزارەها کەیسی نوێ تۆمار دەکرێ،
گەلێ هۆکار هەن بۆ سەرهەڵدانی شێرپەنجە و بەردەوام زانست لە دۆزینەوە هۆکاری نوێدایە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکە، بەڵام سەرجەم هۆکارەکان یەک پریسنسیپڵ دەهێننە کایە ئەویش دابەشبوونی کۆنتڕۆڵنەکراو یاخود بێ سەروبەری خانەیە، لە ئەنجامی دابەشبوونی نائاسایی و کۆنتڕۆڵنەکراوی خانەکان لە بەر جێگایەکی جەستەدا بێت دەبێت هۆی سەرهەڵدانی جۆرێک لە شێرپەنجە.

جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە تا ئێستا چارەسەرێکی بنەبرکەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام چارەسەرە کیمیاییەکان بۆ کەسێکی تووشبوو بەردەوام ئەنجام دەدرێ بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکە، هەرچۆن بێت پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە :
بۆچی کەسی تووشبوو بە شێرپەنجە مووەکانی دەوەرن ؟

وەڵامی ئەم پرسیارە بە تێگەیشتن لە میکانیزمی کارکردنی چارەسەرە کیمیاییەکان (chemotherapy) لەسەر نەخۆشییەکە دەست دەکەوێ، خانە شێرپەنجەییەکان ئەو خانانە کە بە شێوازێکی زۆر خێرا و نا ڕێک دابەش دەبن و زیاد دەکەن بەم جۆرە لە ئەنجامی توێژینەوەکان بە (Fast-growing cells) دانراون واتا ئەو خانانەی بە خێرایی گەشە دەکەن، کاتێک کە چارەسەرە کیمیاییەکان یاخود ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەری خانە شێرپەنجەییەکان دیزاین دەکرێن بە شێوەیەک دیزاین دەکرێن کە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم ئەو خانانە بکات کە بە (fast-growing cell) ناودەبرێن، دەرمانە کیمیاییەکان ناتوانن تەنها خانەی تارگێت کە خانە شێرپەنجەییەکانن بپێکن و لەو خانانەی دیکەی جیا بکەنەوە کە لە لەشدا هەن و بە هەمان شێوە (Fast-growing cell)ەکانن.
بەم هۆکارە چارەسەرە کیمیاییەکان سەرجەم ئەو خانانە لەناو دەبەن کە بە خێرایی گەشە دەکەن و دابەش دەبن، خانەکانی موو هەروەها نینۆکەکان لەو جۆرە خانانەن کە زۆر بە خێرایی گەشە دەکەن و دابەش دەبن هەر بۆیە چارەسەرەکە کاریگەری لەسەر مووەکان دەبێت و لەناویان دەبات، لەبەر ئەم هۆکارە کەسی تووشبوو بە شێرپەنجە لە کاتی وەرگرتنی چارەسەری کیمیای بەداخەوە مووەکانی دەوەرن و نینۆکەکانی دەشێوێن و لاواز دەبن.

بە هیوای تەندروستییەکی باش بۆ هەمووان.

بۆ درێژەدان لەسەر خوێندنەوەی بابەتەکە :

https://www.cancer.net/…/managing-phy…/hair-loss-or-alopecia

https://www.cancerresearchuk.org/…/s…/hair-loss-and-thinning