سودە سەرسوڕهێنەرەكانی خورما

خورما یەكێكە لەو خواردنانەی كە لەلایەن زۆرێك لە خەڵكییەوە بە خواردنێكی گرنگ‌و تەنانەت پیرۆرزیش سەیر دەكرێت، بۆیە پسپۆڕانی تەندروستی چەندین توێژینەوەیان لەسەر ئەم ڕووەكە ئەنجامداوە و چەندین سودیان بۆ لەشی مرۆڤ ئاشكرا كردووە.

بەشێكی زۆری ڕۆژووانان ڕۆژوەكەیان بە خورما دەشكێنن، ئەمەش جگە لەوەی سونەتێكی ئاینیە، بەڕای پسپۆڕانی تەندروستیش بونی چەندین ماددەی سود بەخش لە پێكهاتەی خورمادا، سود بە تەندروستی لەشی ڕۆژوەوان دەبەخشێت.

توێژینەوە پزیشكیەكان سەلماندویانە لەكاتی ڕۆژوو شكاندندا لەشی ڕۆژوەوان شەكر لە لەشیدا كەمە ئەمەش وادەكات هەست بە لاوازی و كەم توانای بكات، بەڵام بە خواردنی چەند دەنكێك خورما، ئاستی شەكری خوێنی ئاسایی دەبێتەوە و وزە و تواناش بۆ لەشی دەگەڕێتەوە.

خورما بەهۆی زۆری مادە كانزایەكان تێدا سودێكی زۆر باشی بۆ تەندروستی هەیە و ئەوەش وای كردوە بۆ چارەسەركردنی چەندین نەخۆشی بەكاربهێنرێت.

توێژینەوە پزیشكیەكان دەریانخستووە كە خورما بڕێكی زۆر لە ڤیتامین ئەی لەپێكهاتەكەیدایە ئەمەش، سودێكی زۆر بەچاو دەگەنێت و مرۆڤ لە ئەگەری توشبوون بە شەوكوێری دەپارێزێت.

هەروەها ڤیتامین بی 1 لە پێكهاتەكەیدایە، سود بە دەمارەكانی مێشك دەگەیەنێت و بە هێوركەرەوەی مێشك و دەروون دادەنرێت، هەروەها یارمەتی بەهێز كردنی ماسولكەكان دەدات.

ڤیتامین بی 2 یارمەتی چالاك بونی جگەر دەدات و بۆ ئەو كەسانە بەسودە كە بەدەست كێشەكانی جگەرو زراویان هەیە.

جگە لە ڤیتامینەكان خورما چەندین ماددەی كانزای تێدایە وەك كالیسیۆم و مس و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و فسفۆر و سودیۆم و فلۆر و، ئەم مادانەش بۆ بەهێزكردنی ددانەكان بەسودەو رێگری لە كلۆربونی دەگرێت.

پسپۆڕە خۆراكیەكان باس لەوە دەكەن خورما سودی بۆ ئەو كەسانە هەیە كە كەمخوێنن و ڕێژەی ئاسن لە خوێنیاندا كەمە , و كێشەی تەندروستی گەدە وڕیخۆڵەكان هەیە كرداری هەرسكردن ئاسان دەكات و لەش بە ژەهر و ماددەی زیان بەخش پاكدەكاتەوە