من گەنجە کوژراوەکەم

من گەنجە کوژراوەکەم

من گەنجە کوژراوەکەم، ڕاکشاوم و خەڵتانی خوێنی گەرمم بووم. لەگەڵ بەرکەوتنم بە یەکەمین گولەی جەللادەکەم خاڵی بوومەوە لە ئارەزووەکانم، داخ و مەراقەکانم، ئەوینی دڵدار و کینەی ناحەزانم. بینیم فریشتەی مەرگ بە چاوە پڕ لە ئەسرینەکانی، ڕۆحی شەکەتمی لە ئامێز گرتبوو. بە شەرمەوە، بەرەو ئاسمان لەگەڵ خۆی دەیبردم. ئاسوودە بووم، نەمئەزانی چیم و کێم ؟ بەرەو کوێ دەمبەن ؟

بۆ ساتێک هاتمەوە بیری خۆم. من گەنجێکی گیرفان خاڵی، دانەمەزراوی بێ کار بووم. باوکێکی نەخۆش و دایکێکی بەتەمەنی هەناسە ساردم هەبوو. هەموو ڕۆژێکم مردنێک بوو. ماوەیەکی زۆر عەوداڵی کارێک بووم، جێگا نەما سەری پیا نەکەم. لەگەڵ کەمبوونەوەی دەرمانەکانی باوکم، مەراقەکانم زیادی ئەکرد. دایکم، هەژاری ئازاری جەرگ سووتان کردبوویە بێدەنگترینی ماڵەکە. ئاخر برایەکم لە شانزەی ئۆکتۆبەر شەهید ببوو. بیرکردنەوە لە ئارەزووەکانم لەگەڵ خەمەکانم لێک ئاڵۆزابوون، ئاواتخواستنم بە مردن کۆتایی هەموو بیرکردنەوەکانم بوو. سەرچاوەی بژێویمان دەبوو منێکی بێ کار بم، بیرم نایە کەی بوو دواجار لەتە موچەیەکی خانەنشینی باوکممان وەرگرت.

بیرم دێتەوە، بەرەو بازاڕ ملی ڕێم گرتبوو. پڕ لە بێزاری، پڕ لە بێ هیوای و ماندوو لە بێ چارەیی. پۆلێک لە هاوشارییانی خۆم ئاسا گردبوونەوە. ئەمە ئەو دەرفەتە بوو کە تووڕەی تیا بەتاڵ بکەینەوە … خۆپیشاندان، ڕاپەڕین، شۆڕش. داخێک لەسەر دڵی هەمووان بوو، بۆچی قەیرانەکان تەنها بۆ ئێمەیە ؟ ئێمە برسین و ئەوان بۆ بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ بەرەو ڕازاوەترین وڵاتەکانی دونیا ڕۆیشتوون، ئەی قەیران بۆ کێیە ؟ تووڕەیمان هەموو بەربەستەکانی تێکشکاند. لای ئێمە ڕەنگەکان وەک یەک بوون، تووڕەیشمان یەک ڕەنگ بوو. هێندە ئاگادار بووم تا گولەکە لە گەردنی دام. جەللادەکەم پاسەوانی بەردەرگای ڕەنگێک بوو، بێ بەزەییانە ئەو گولەیەی دەبوو لە کەرکوک بتەقێ، لە شارەکەم و لە ڕووی منا تەقاندی. من و جەللادەکەم لە شتێکا لێکچوو بووین، هەردووکمان گیرفانمان خاڵی بوو !

ئێستا من گەنجە کوژراوەکەم، لە ئاسمانەوە ئەڕوانم. ڕزگارم بوو لەو ژیانەی کەی بۆی ئەمردین، ڕزگارم بوو لە بینینی ئازارەکانی باوکم و بێ دەنگییە سامناکەکەی دەیکم. بە دیداری برا شەهیدەکەم گەیشتم. ڕزگارم بوو، بەڵام ماڵێکی سارد و سڕ و پڕ ئازاری دووبارە جەرگ سووتانم بەجێهێشت. ڕزگارم بوو، بەڵام نازانم کێ دەرمانەکانی باوکم ئەکڕێ. هەرچۆنێک بێت لەم ژیانە نوێیەمدا ئاسوودەم. خودا بەڵێنێکی پێداوم، ڕۆژگارێک هەموو شت باش ئەبێ. بەڵام مەرجێکی هەیە، بەردەوام بن لە دژیان. ئێمەش بیر ئەچینەوە بەڵام ئێوە مەوەستن.

هۆزان شەریفی