هاتنەژوورەوە و چوونەدەروە لە پارێزگای هەولێر قەدەغەدەکرێت

KGN-news

لەدوای کاژێر 12:00ـی ئەمشەو هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت، بەڕێوەبەری بازگەکانی هەولێریش دەڵێت؛ هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوە لە پارێزگای هەولێر تەنیا بە رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا وەکو خۆی بەردەوام دەبێت، لەنێوان پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا بۆ ماوەی هەفتەیەک بەتەواوی رادەگیرێت.

بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، هەموو شوێنە گشتییەکان وەکو مارکێت، رێستۆرانت و شوێنە بازرگانییەکان نابێت رێگەبدەن بە چوونەژوورەوەی هاونیشتمانیان بۆ شوێنەکانیان بەبێ بەستنی ماسک، بە پێچەوانەوە ئەو شوێنانە دادەخرێن بۆ ماوەی 10 رۆژ و خاوەنەکانیان بە بڕی یەک ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دەدرێن.

بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێن، لە چەند رۆژی رابردووەوە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر و دهۆک هەڵکشاون و بۆ یەکەمجار گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دهۆک تۆمارکرا.

ئێستا لە تەواوی هەرێمی کوردستان، 14 هەزار و 816 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون کە نۆ هەزار و 413 کەسیان چاکبوونەتەوە و 574 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.