فیلمێکی کوردی بوو بە براوەی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی CKF لە وڵاتی بەریتانیا

KGN-ڕۆشنبیری

کورتە فیلمێکی کوردیی بوو بە براوەی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی CKF لە وڵاتی بەریتانیا و دەرهێنەرەکەشی خەڵاتی باشترین دەرهێنەری وەرگرت.

فیلمی پێکەنین و بیرچوونەوە لە دەرهێنانی هەوراز محەمەدە و، ‌ کورتە فیلمێکی کوردییە کە باس لە کوردستانی سەرەتای سەدەی بیست ئەکات وەختێک ئەلکێنرێت بە دەوڵەتی عێراقەوە.

دەرهێنەری کورتە فیلمی پێکەنین و بیرچوونەوە، هەوراز محەمەد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە و باسی لە ناوەڕۆکی فیلمەکە کرد کە تێیدا خەڵکانێک لە چایخانەیەک دانیشتوون، بێتاقەتن، سەریانئێشێت‌ و بەهۆی بۆردوومانی هاوپەیمانانەوە چا نەهاتووەتە ئەو ناوچەیەوە و خەڵکیش هۆکاری سەرئێشەکەیان بۆ چانەخواردنەوە ئەگەڕێننەوە. دواتر نوێنەرێکی هاوپەیمانان دێت و لەبەرامبەر پێدانی چا داوای مۆرکردنی پەیماننامەیەکیان لێئەکات بۆ ڕازیبوون بە چوونە سەر دەوڵەتی عێراق.

کورتە فیلمی پێکەنین و بیرچوونەوە‌ تاکو ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵی فیلمدا بەشداریکردووە و چەندین خەڵاتیش بردووەتەوه، لە نێویشیاندا خەڵاتی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیCKF لە وڵاتی بەریتانیا ‌.

کورتە فیلمی پێکەنین و بیرچوونەوە لە دەرهێنانی هەوراز محەمەدە کە باس لە سەرەتای سەدەی بیستی کوردستان ئەکات و فیلمێکی مێژوویی سیاسییە.