نەوەی لەقلەقەکەی هەولێر گەڕایەوە

KGN – ژیان

نزیکەی شەست ساڵ دەبوو، جووتێک لەقلەق لەسەر منارەکەی مزگەوتی خانەقای شاری هەولێر هێلانەیان درووست کردبوو، ساڵانە لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم هەورە تریقشەی بەهاریدا، دەگەڕانەوە سەر منارەی مزگەوتەکەی خانەقا و خەڵکی دەوربەری شوێنەکەش بە دەنگی بەرز دڵخۆشییان بە گەڕانەوەی لەقلەقەکان دەردەبڕی.

بەپێی گوتەی هاووڵاتییەک، ئەم جووتە لەقلەقە لە ساڵانی سییەکانی رابردوو، لەسەر منارەی مزگەوتە کۆنەکەی خانەقا هێلانەیان چێکردبوو، بەڵام دوای ساڵی شەستەکان و دروستکردنی مزگەوتی نوێی خانەقا، ئەوا لەقلەقەکان هێلانەکەیان گواستەوە سەر منارەی مزگەوتە نوێیەکە کە بە دووری بیست مەتر لە مزگەوتە کۆنەکە دامەزراوە بەڵام منارەکەی بەرزترە.

هاووڵاتی محەمەد سدیق، تەمەن حەفتا ساڵ، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە: “ئەم باڵندەیە پێکەوەژیانی لەگەڵ خەڵکی هەولێر هەڵبژاردووە، لە ساڵانی سییەکانەوە، جووتێک لەقلەق لەسەر منارەکەی مزگەوتە کۆنەکەی خانەقابوون و دوای دروستکردنی مزگەوتی خانەقا لە ساڵانی شەستەکان، ئەوا جووتە لەقلەقەکە هێلانەکەیان بۆ سەر منارە نوێیەکە گواستەوە و جێگیربوون”.

محەمەد سدیق گوتیشی: “بەداخەوە لە ساڵی ١٩٩٦ لە کاتی شەڕی براکوژی، گوللـەیەک بە یەکێک لە لەقلەقەکان کەوت و مرداربووەوە، ئەوەی دیکەش هەولێری بەجێهێشت، بەڵام دوای ٢٢ ساڵ، نەوەیەکی لەقلەقەکە هاتووەتەوە سەر هێلانەکە و لێرە گیرساوەتەوە”.

بەگوتەی دوکاندارانی ئەو شوێنە، لەقلەقەکە هێلکەی پێیە و دەیەوێت لەناو هێلانەکەدا دایانبنێت و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەقلەقەکە دەیەوێت بە درێژایی تەمەنی لەم شوێنە بمێنێتەوە.

نێرە و مێیەی هەر حاجی لەقلەقێک بەیەکەوە لە هێلانەیەکدا دەژین، ئەگەر هەر کامێکیان نەمینێت، ئەوا لەقلەقەکەی دیکە تا مردن بە سەڵتی دەمێنێتەوە و ئامادەنییە لەگەڵ لەقلەقێکی دیکەدا جووت ببێت، بۆیەش بە هێمای وەفا و خۆشەویستی ناسراوە.

ئەم باڵندانە، ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵ دەژین، بەرزیان مەترێک و درێژی باڵەکانییان نزیکەی ٢ مەترە، دەنووک و قاچیان رەنگی سوور و سەر باڵەکانییان رەنگی رەشە و ، ٢ تا ٥ هێلکە دەکەن و بە نۆرە لەسەر هێلکەکان هەڵدەکورمێن.

لەقلەق، هەندێک جاریش پێی دەڵێن حاجی لەقلەق، چونکە ساڵانە هاوشێوەی حاجییەکان، بەهەمان رەنگ قەتارەی دەبەستن و لە چیاکان و زەلکاوەکاندا دەگەڕێنەوە بۆ سەر هێلانەکانییان بۆ جووتبوون و هێلکەکردن.