ھەڵبژاردنی ڕێگای سێیەم، لەنێوان کازمی و ھەرێمدا.

دابەشبوونی ڕای گشتی باشوری کوردستان، لەنێوان بەغداد و ھەرێمی باشوری کوردستاندا، سەرتاپای میدیا و گۆڕەپانی ڕامیاری داپۆشیوە.
بەتایبەتیش دوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی وەک سەرۆکی حکومەتی ئێراق و سەردانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووشی بۆشارەکانی ھەرێمی کوردستان.

لەئێستادا باشترین چارەسەر بۆ دۆخی چەقبەستوی ھەرێم و تێپەڕاندنی قۆناغەکە لە بەرژەوەندی گشتی خەڵک، ھەڵبژاردنی ڕێگای سێیەمە.

خەڵک کەم و زۆر ھیچ ئومێد و متمانەیەکی بە حزب و سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان نەماوە، وێڕای ئەوەش ئاستی بێزاری خەڵک گەیشتۆتە لوتکە، ئەو بێ متمانەیی و بێزاریەشە وایکردووە خەڵک ھیوا و چارەسەری کێشەکانیان لەسەر ھاتن و دەستبەکاربوونی کەسێکی وەکو کازمی ھەڵبچنن.

لەڕاستیدا مستەفا کازمی لەوانەیە ھەندێ گۆڕانکاری ڕێژەیی بکات، لە پەیوەندیەدەرەکی و ناوەکیەکانی و ھەتا لەبواری کارگێڕیشەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، ئەگەر لەھەڵبژاردنەکانی ساڵی داھاتووشدا لیست دروست بکات و ببێتەوە سەرۆکی حکومەت( ئەوەش بێ پشتگیری شیعەکان مەحاڵە ) ناتوانێت چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی ئێراق و ھەرێم بکات، بەکورتیەکەی کازمی چەند دنکێک ئازارشکێنی بۆ ماوەیەکی کاتی دیاریکراو لە ھەگبەکەیدا ھەیە، بەڵام دواتر ئازار و ئاریشەکان دەست پێدەکەنەوە، لەبەر ئەم ھۆیانەی خوارەوە:

یەکەم: کازمی کەسێکی شیعەیە و بەپشتگیری شیعەکانیش بۆتە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەدڵنیاییەوە لەبەرامبەر ئەو پشتگیریەشدا دەبێت کازمی پشتگیری ئەجندای شیعەکان بکات.

دووەم: سیستەمی سیاسی ئێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە، سیستەمێکی تەوافوقیە ( سازێنراوە ) لەلایەن ئەمریکیەکانەوە بۆ ھاوسەنگی ھێز، ئەو سازانە لەسەرەتاوە لەلایەن شیعەکانەوە تێکدراوە، بەمەبەستی باڵادەستبوونیان، بەتایبەتیش لەڕێی ھێزی چەکداری مەزھەبیەوە ، ھێزەکانیشیان بە یاسایی کردوون لەچوارچێوەی دەستوری ئێراقدا.
خۆ ئەگەر کازمی مەبەستی بێت ھاوسەنگیەکە بگێڕێتەوە، بە بەشداری کارای سوننەکان، دەبێت یەکەم شت دەست بۆ گۆڕینی دەستوری ئێراقی ببات، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھێزە مەزھەبیەکان، ئەوەشیان لای ھێزە شیعیەکان ھێڵی سورە.

سێیەم: کازمی زیاتر لە ئەکتەرێکی سەر شانۆ دەچێت، کەچۆن دەرھێنەرەکەی ڕۆڵێکی بۆ دیاری دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆڵی خۆی دەبینێت، وەک ئەوەی لە سیاسیەکی ورد و بە سەلیقە بچێت.

لەسەردانەکەیدا بۆ ھەرێمی کوردستان، تەنھا ئەو حزب و سیاسیانەی بەسەرکردنەوە، کەھۆکاری برسێتی و ماڵوێرانی خەڵکی ھەرێمی باشوری کوردستان بوون لە سی ساڵی ڕابردوودا، بە فەرمی ئەو دز و مافیا و ناپاکانەی بەسەرکردەوە، کە خەڵک لێیان بێزارە و خەون بە نەمانیانەوە دەبینێت.
دەیان کەسایەتی و چالاکوان و ڕۆشنبیر ھەن، دەیان بنەماڵەی شەھیدی دەستی غەدری ئەو حزب و دەسەڵاتدارانە ھەن، ھەزاران خەڵکی ناڕازی لەو دەسەڵاتە ھەن، کەچی نەیکرد بۆ چەند خولەکێکیش لەگەڵ ھیچ یەکێک لەوانە کۆببێتەوە و گوێ لەخواست و داواکاریەکانیان بگرێت.

کەواتە کازمیش ھەمان کەرەستەیە، ھاوڕێ و ھاوشانی چەتە و مافیاکانی لای خۆمانە، بۆیە ھیوا ھەڵچنین لەسەر نمایشەکانی ھێندەی دیکە نائومێدمان دەکات.

باشتر وایە خەڵکی ھەرێمی باشوری کوردستان، لەنێوان کازمی و حزبەکانی ھەرێمدا،ڕێگای سێیەم ھەڵبژێرن و بەرەیەکی جەماوەری تێکۆشەر دروستبکەن، لە ھەڵبژاردنەکانیشدا بە لیستێکی سەربەخۆ بچنە ھەڵبژاردنە گشتیەکانی ساڵی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق، ئەوەش زیاتر ئەرکی کەسایەتیە ڕۆشنبیر و چالاکوانەکانە لەئێستاوە کار لەسەر پڕۆژەی ڕێگای سێیەم بکەن و کازمی و حزبەکانی ھەرێم بخەنە پەراوێزی پرۆسەکەوە.

ساڵح میراودەلی