عەبادی بەرپرسانی كۆمسیۆن ڕەوانەی دەستەی نەزاهە دەكات

KGN – NEWS

سەرۆك وەزیرانی عێراق بەمەبەستی لێكۆڵنەوە لە ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاریدا كەیس ئەو كەسانەی گومانی لەسەرە ڕەوانەی دەستەی نەزاهە بكات.

بە گوێرەی هەواڵێكی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەمەبەستی لێپرسینەوە لەو كێشانەی لە هەڵبژاردنەكەی ڕۆژی 12ی ئایاری 2018 لەعێراقدا ڕویاندا، داوای لە دەستەی نەزاهە كرد لێكۆڵینەوە لەو ئەندامانەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكات كەتێوەگلاون لەو كێشانە.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردوە: لەبەر ئەوەی كۆمسیۆن پشتی بە هیچ كۆمپانیایەك نەبەستوە بۆ پشكنینی ئامێرەكانی دەنگدان و بەو هۆیە كەموكوڕی لە دەنگدانەكەو ساختەكاری ئەنجام دراوە، حەیدەر عەبادی ئەو كەیسەی ڕەوانەی دەستەكە كردوە.

هەروەها  سەرۆك وەزیرانی عێراق داواشی كرد هەرچی زووە چارەنووسی ئەو سكاڵانە ئاشكرا بكرێن كە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەتایبەت لە كەركوك بكرێت كەپێشكەش كراوە.  

جێگەی ئاماژەیە لە هەڵبژاردنەكەی ڕۆژی 12ی ئایاری 2018 بە وتەی بەشێک لە پارتە بەشداربووەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن ساختەکاری ئەنجامدراوە، لەچەندین ناوەندی دەنگدان كێشە لەئامێرەكانی دەنگدان ڕویانداوە.