گرفت-کاردانەوە-چارەسەر

گرفت
لەدوای ۳۰ ساڵ لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کوردەوە، هەرێمی کوردستان توشی شکستێکی گەورەی ( ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، پەروەردە و پێگەیاندن)، بوەتەوە، بەر ئەنجامی ئەم هەمووە شکستەش دەگەڕێتەوە بۆ نەزانین و نەفامینی بەرپرسان لە بەڕێوەبردنی هەرێم و تێنەگەیشتن لەخواستەکانی خەڵک و داواکارییەکانیان، لەماوەی ۳۰ ساڵی ڕابردوودا تاکە شتێک کە بەرپرسانی کورد حسابیان بۆ نەکردبێت خواست و داواکاری و مافەکانی هاوڵاتیانی هەرێم بووە.

کاردنەوە
لەپاش ئەو شکستە گەورە و یەک بەدوای یەکانەی کە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم بەسەر خەڵک و خاکی هەرێمیاندا هێناوە، توڕەی خەڵک گەیشتۆتە ئاستێک کە پەنا بۆ حکومەتی عێراقی ببەن و دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق بە فریاد ڕەس ببینن، دۆخی ئێستای خەڵکی کوردستان هاوشێوەی ئەو کەسەیە کە لەناو دەریایەکدا وەختە نوقم ببێت و پەنا بۆ پەلە پوشێک دەبات لە پێناو ڕزگاریدا، کاردانەوەکانی خەڵک لە بەرانبەر زوڵمو ستەمی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمدا، گەشتۆتە ئاستێک کە جوتیارێک دەستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ماچ بکات و کەسوکاری ئەنفالیش پێی بڵێن کوردستان ئەمانەتی دەستی تۆ دەکەین و مووچە خۆرێکیش بڵێت سید ڕەئیس لیستێک دروست بکە با هەموومان دەنگت پێ بدەین.

چارەسەر
گەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەیانەوێت هەرێم لە شکستی دیکە بپارێزن و متمانە لە نێوان خەڵک و حکومەتدا دروستبکەنەوە و هەرێمی کوردستان بەهێز ببێت، پێویستە بەزووی کەمکردنەوەی مووچە کۆتایی پێبهێندرێت، پێویستە بەزووی لایەنە سیاسیەکان بەدەر لە سەپاندنی پڕۆژەی حیزبێک کۆببنەوەو ڕێککەوتنێکی هاوبەش و پلانێکی تۆکمەو هاوبەش بۆ چارەسەری ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە، پێویستە گوتاری هاوبەش و پیلانی هاوبەش دروست بکرێت لە پێناو چارەسەرکردن و باشکردنی دۆخی خەڵکدا، پێویستە واز لە چەوساندنەوەو ستەمکردن بهێندرێت و ئاڕاستەی هەوڵەکان لە سڕینەوەی یەکترییەوە بۆ قبوڵکردنی یەکتری لە پێناو خزمەتی خەڵکدا بگۆڕن.

ئەمیر مام والی