سەرۆک…ئەی ئەوەی کە هەرگیز نامەکانی ئێمەت پێ ناگات

پەشێو حەمەد ئەمین

پێم بڵێ ئێمە لە ڕەگەزی چی دارێک بووین، کە بای ئەم هەموو نائومێدیە ڕۆژانە بە سەرماندا هەڵدەکات و دەمانشکێنێ؟ کوڕ و کچی کامە کێو بوین، کە نایبینی چۆن لە نێو ئەم هەموو ڕۆژە ڕەشەدا سەرمان سپی دەچێتەوە؟ با بۆت بڵێم :” ژنێکی دراوسێمان هەیە، زۆر بە ئاگا و خوێنەوارە. چەند ساڵێکە هاوسەرەکەی لە جەنگدا شەهید بووە. ئەمڕۆ دەستی مناڵەکەی تا سەر شانی بە ئاگر سوتا. بەڵام لە بەر ئەوەی پارەی نەبوو بیبات بۆ نەخۆشخانە، ئاگام لێی بوو بە دیاریەوە دەگریا و دەیویست بە مەعجوونی ددان ئازارەکەی بشکێنێت. کە چی کوڕ و کچەکانی ئێوە، دەستیان لە نێو باشترین براندەکانی دنیا هەڵکێشراوە و دەتوانم بڵێم: نرخی هەر پەنجەیەکیان زیاترە لە ملیۆنێک دۆلار” بزانە لەو گەڕەکەی من تێیدا دەژیم، خەڵکێکی زۆر هەن ئارەزووی راگرتنی کۆتر و بابەغا و کەناری دەکەن.

بەو بۆنەوە هەر ئەمڕۆ پیاوێکم بینی، خەریک بوو دەچوو بولبولەکەی دەفرۆشت، تا لەو سەرەوە ژەمە نانێک بۆ خانەوادەکەی بێنێتەوە. بەڵام ئەو دیمەنە هێندەی ئەوە ئازاری نەدام، کاتێک زانیم نیشتمانەکەم فرۆشراوە و، سوپای داگیرکەری بێگانەیەک کردویەتی بە ماڵی خۆی. بۆ منێکی گەمژە، کە جگە لە نووسین هیچیتر نازانم، سەختە بتوانم ئەم چیرۆکانە بۆ مێژوو نەگێڕمەوە. یان بۆ نەوەیەک کە دوای ئێمە دێن، باسی نەکەم و نەڵێم:” ڕۆژگارێک باوکێکمان هەبوو، ئا بەو جۆرە جیاوازی دەکرد لە نێوان ئێمە و نەوەکانی خۆیدا” سەرۆک، تۆ ئاگادار نیت و نازانیت، یان دەزانیت و بێ باکیت لێی.

کە چۆن ژیان لەم هەتیو خانەیەی باشوردا وەستاوە. دەی ئەگەر بڕیار وابوو تۆ باوکمان بیت، پێم ناڵێی ئەم هەموو مەرگە چیە، سەرۆک؟ پیرە پیاوێک کە پەنجا ساڵە کرێچیە لە نیشتمانەکەی خۆیدا، دەیگوت: خەمی ئەو ژیانەم نییە کە رۆژە بێ شەرەفەکانی چەندە ئازاریان داوم. بەڵکو خەمی ئەو مردنەمە کە ئەگەر ڕۆژێ هات، نازانم لە کوێی دابنێم. دەئاخر کاتێک مرۆڤ ناچار دەکرێت تەنانەت گۆڕەکەیشی بە پارە بکڕێت، چۆن دەتوانێت بە خودا بڵێت:” بەڵێ، مردن حەقە؟” دەبینیت ئەم نیشتمانە چی کفرێکمان پێ دەکات، سەرۆک؟ بەڵام من بە تۆ دەڵێم: ژیان لە کوێیە، ئەگەر مردن حەقە؟ ماڵئاوا سەرۆک گەمژەیەک کە جگە لە نووسین هیچی تر نازانێت، منم :”پەشێوم حەمەد ئەمین”