“لە دادگای باڵای فیدڕاڵی دڵنیایی ناردنی مووچەی هەرێم درا”

KGN-news

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ وتەبێژی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق کۆبووەتەوە و  سەبارەت بە پرسی بودجە و مەلەفی نەوت گفتوگۆیان کردووە، ئەوەشی ئاشکراکرد، ڕۆژی 2/4/2019 جارێکی تر دانیشتنی دادگا سەبارەت بە سکاڵای سەر حکومەت هەرێم لە مەلەفی نەوت بەڕێوە دەچێت.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند: “ترسم لەو قسانە هەبوو کە باسیان لە هەڵوەشاندنەی بودجەی 2019 و برینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرد، بۆیە ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی دادگای فیدڕاڵیم کرد و لەگەڵ وتەبێژی دادگاکەدا گفتوگۆم کرد سەبارەت بە شیکردنەوەی ماددەی (130)، بۆم دەرکەوت، هەر یاسایەک جێبەجێکرا کاری پێدەکرێت و هەڵناوەشێتەوە، گۆڕانکاریکردنیش تیایدا بۆ ئێستا زۆر قورسە، کەواتە یاساکە کۆتایی هاتووە و هیچ ترسێکمان نییە”.

“لە حاڵەتی دووەمدا ئەگەر داوای تەفسیری یاساکە لە دادگای فیدڕاڵی بکەن بۆ ماددەی 10 بڕگەی (ج)، دادگای فیدڕاڵی تەفسیری یاسا ناکات، تەنها تەفسیری پرسی دەستوری دەکەن، کەواتە بەهیچ شێوەیەک ترس لەسەر بڕینی موچەی فەرمانبەران نییە”، ئەحمەدی حاجی رەشید وای وت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵی سێیەم کە گرنگ بوە لای پرسی مەلەفی نەوتی نێوان هەرێم و بەغدا بووە، کە سکاڵایەک تۆمارکراوە لە دژی وەزیری سامانە سروشتییەکان و دواتریش سەرۆکی حکومەتی هەرێم و حەیدەر عەبادی-ش هێنراونەتە ناو پرسەکەوە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید دەڵێت: “وتەبێژی دادگای فیدڕاڵی پێی ڕاگەیاندم کە 2/4/2019 دادگا دانیشتن دەکات سەبارەت بە بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە و نزیکە کە بڕیاری لەسەر بدرێت”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا قسەوباسێکی زۆر لە لایەن پەرلەمانتارانی عێراقەوە لەسەر بڕینی مووچە و بودجەی هەرێم کرا، هەندێک لە پەرلەمانتارانی کورد باسلەوەدەکەن ترسی بڕینی مووچە هەیە، هەندێکی تریش بە پێچەوانەوە.