“عەبادی نهێنی گفتووگۆكانی لەگەڵ بارزانی دەربارەی دۆسێی كەركوك ئاشكرا دەكات”

KGN – NEWS

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیكرد لەسەر نەبوونی هیچ سازشێك لەسەر كەركوك لەبەرامبەر قایلكردنی كورد بە چونیان بۆ نێو هاوپەیمانی چوار قۆڵی نوا بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە.

حەیدەر عەبادی لە وەڵامی پرسیارێكدا لە میانەی كۆبونەوەی لەگەڵ لیستی نەسر و ژمارەیەك شرۆڤەكار وتی “لەسەر بابەتی كەركوك هیچ گفتووگۆیەك لەگەڵ كورددا نییە لەبەرامبەر چونیان بۆ نێو هاوپەیمانی چوار قۆڵی بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە”.

عەبادی راشیگەیاند كە بە بارزانی راگەیاندووە توانای كردنەوەی دەرگای گفتووگۆ لەبارەی دۆسێی كەركوكەوە نییە، هاوپەیمانییەكان لە نێوان لایەنە سیاسییەكان دەكرێن وەك هاوبەش بە بێ سازشكردن.

پێشتر هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە هەندێك لایەنی سیاسی رێككەوتن لەگەڵ كورددا دەكەن بە ڕێدانی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان لەبەرامبەر چوونی كورد بۆ نێو هاوپەیمانی گەورەترین كوتلە، كە هەردوو میحوەری دەوڵەتی یاسا و فەتح لەگەڵ سائیرون و نەسر و حكمە و وەتەنیە هەوڵی بۆ دەدەن.

دوێنێ شاندی سائیرون و نەسر و حیكمە و وەتەنییە لە هەولێر لەگەڵ شاندی پارتی و یەكێتیدا كۆبونەوە، بەڵام لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا هیچ راگەیەندراوێك بڵاونەكرایەوە، یان كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی ساز نەكرا.

بەپێی سەرچاوە مێدیاییە عێراقییەكان كۆبونەوەكە هیچ دەرئەنجامێكی نەبووە و نەگەیشتوون بە رێككەوتن بە تایبەت لەسەر پرسی كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان.