بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی لە بارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان

KGN-NEWS

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق، بڕیاریدا دووبارە دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بە دەست بژمێردرێنەوە و جیابکرێنەوە

گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق، عەبدولسەتار بەیرەقدار رایگەیاند کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سێیەم یاسای ھەموارکراوی بۆ یاسای ھەڵبژاردنەکان بۆ ساڵی 2018 کە لە بەرواری 6/6/2018 دەرکراوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی دادوەریی باڵا کردووە لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە بەرواری 10/6/2018ئامادەبن بۆ ئەوەی ئەو دادوەرانە دیاری بکرێن کە کارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی ئەنجام دەدەن و سەرپەرشتی پڕۆسەی دووبارە ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردن بە دەست دەکەن، ھەروەھا دیاریکردنی ئەو دادوەرانەی کە کاری نووسینگەکانی کۆمسیۆن لە پارێزگاکان بەڕێوەدەبن.

عەبدولسەتار بەیرەقدار ئاماژەی بەوەشداوە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی، ھەروەھا بڕیاری داوە لیژنەیەک لە سەرۆکی داواکاری گشتی و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتی دادوەریی پێکبھێنرێت و دواتر سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بکەن و بەپێی سێیەم یاسای ھەموارکراو بۆ یاسای ھەڵبژاردنەکان، رێوشوێنی پێویست بۆ پارێزگاریکرن لە سندوق و ئامێرەکانی دەنگدان تایبەت بە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان بگرنەبەر.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی باسی لەوەشکردووە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بڕیاری ئەوەشی داوە کە لەگەڵ دەرکردنی یاسای ھەموارکراو بۆ یاسای ھەڵبژاردنەکان، کارەکانی دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان تایبەت بە پێداچوونەوە بەو تانە و سکاڵایانەی کە لەسەر ئەنجامی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئامێری ئەلیکترۆنی رادەگیرێت تا ئەو کاتەی رێوشوێنەکان بۆ ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان یەکلایی دەبێتەوە و دواتر تانە و سکاڵای نوێ لەو بارەیەوە پێشکەش دەکرێن.