تەواوی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار ئامادەن

 

KGN – NEWS

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایدەگەیەنێت، تاقیكردنەوەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی جیاكردنەوە و هەژماركردنی دەنگەكان بە سەركەوتوویی ئەنجامدراوە و دەشڵێت، تاقیكردنەوەیەكی دیكەش ئەنجام دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تەواوی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی جیاكردنەوە و هەژماركردنی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە ژمارەیان نزیكەی (60) هەزار ئامێر دەبێت تاقیكراونەتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، ئامێرەكان لە هەموو عێراقدا تاقیكراونەتەوە و بەسەر نووسینگەكانی پارێزگاكاندا دابەشكراون‌ تاوەكو بۆ رۆژی دەنگدان ئامادەبن.
هەروەها ئەوەشخراوەتەروو، لە پرۆسەكەدا تیمێكی شارەزا و چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەبوون و ئامێری لێكۆڵینەوەی كارتی دەنگدانیش لە سەرجەم پارێزگاكان تاقیكراونەتەوە و تاقیكردنەوەكانیش بە سەركەوتووبوون.
هەر لە راگەیەندراوەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق ئەوەشهاتووە، بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامی تاقیكردنەوەكان، پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەشێوازەكانی رابردوو ئەنجامدراوە و ئەنجامەكەش هەمان ئەنجامی تاقیكردنەوە ئەلیكترۆنیەكە بوون.
لە كۆتاییشدا ئەوەخراوەتەروو كە كۆمسیۆن پلانی داناوە چەند رۆژێك پێش هەڵبژاردنەكان، پرۆسەیەكی تری تاقیكردنەوە بۆ نزیكەی (50) هەزار وێستگە بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئەنجام بدات كە دوا تاقیكردنەوە دەبێت.