ڕاستی ڕووداوەکەی دوکان چۆن بوو؟

دەستە چەورەکەتان بە خەڵکی بێتاوان مەسڕن!

ڕاستی ڕووداوەکەی دوکان چۆن بوو؟

وەکوو پەیامنێرێک بۆ ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکەی دۆکان لە سلێمانییەوە بەڕێکەوتین بۆ وێ، کە گەشتینە پیرەمەگروون لە چەند جێگا لەسەر ڕێگاکە تایە سوتێنرابوو کە پاشماوەی خۆپیشاندەران بوو، هێزێکی زۆر ڕژابوونەوە سەر جادەکە دیار بوو ئەو هێزە بڵاوەیان پێکردبوون، لە دەستی ڕاستی جادەکەشەوە لەشکرێک لە هێزی ئاسایش و پێشمەرگە بە دەیان هەمەر و ئۆتۆمبێلی سەربازی جێگیرکرابوون، ئێمە دەربازبووین بۆ دۆکان لەگەڵ گەشتینە ناو خۆپیشاندانەکە لەسەر ڕێگا سەرەکییەکە ڕاستی پشێوییەک هاتین، هێزێکی زۆر بە چەکەوە ڕژابوونە سەر جادەکە، چەند گەنجێک لە ناوەندی هێزەکەدا بە توڕەیی هاواریان دەکرد و ویستی پەلاماردانی هێزەکەیان هەبوو، بەڵام خەڵکێکی زۆر کەوتبوونە نێوانیانەوە، هەستمکرد دۆخێکی نا ئاساییە، لەوبەری جادەکەوە گەنجێکی توڕە و ڕەنگ بڕسکاو کە بەردەوام جنێوی بە هێزەکە دەدا بەرەو ڕووم هات لێمپرسی کاکە چی قەوماوە؟
وتی: “ئەو هێزە چەکدارە کاک هەمزەیان کوشت.
چۆن؟
“یەک دنیا دەسڕێژیان کرد بەسەرمانا نەیان توانی بڵاوەمان پێبکەن، ئاخری بە دار و شەق کەوتنە ناومان، لەو کاتە کاک هەمزە کەوتە بەرپێیان بەشەق و دار زۆریان لێدا لەسەر ئەرزەکە زمانی هەڵگەڕایەوە و گیانی بەخت کرد”.
کاک هەمزە کێیە؟
“ئەفسەرە بە جلی مەدەنی لەگەڵ ئێمە لەناو خۆپیشاندانەکەبوو”.
بەچاوی خۆت بینیت؟
“لەبەر دەستی خۆم بوو بەچاوی خۆم بینیم هێزە ئەمنییەکان لێیاندا تا گیانی سپارد”.
ئەی ئەو گەنجانە کێن ئەو پشێوییە چییە؟
“ئەوەش کوڕ و کەسوکاری کاک هەمزەیە لە تۆڵەی باوکیان هاتوونەتە گیانی هێزە ئەمنییەکان”.

هەر لەوکاتەدا چەند گەنجیتر لەگەڵ دوو پیاوی ئیختیار لەدەورمان کۆبوونەوە، هەموویان شایەتحاڵی ڕووداوەکەبوون، کە چۆن کاک هەمزە بەدەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.

عەقید هەمزە شارستێنی جێگری لیوای ١٢٨ دوکــان، ئەمڕۆ لە خۆپیشاندانەکەی دۆکان بەدەستی هێزە ئەمنییەکان گیانی سپارد، بەڵام پۆلیس ڕووداوەکەی پێچەوانە کردووەتەوە و مردنەکەی خستووەتە ئەستۆی خۆپیشاندەران.

ڕۆژنامەنوس: بۆتان گەرمیانی