لە ساڵی ڕابردوو 112 کورد لە ئێران لە سێدارەدراون

 

 

 

 

 

KGN – NEWS

لەساڵی ڕابردوودا حوکمی سێدارە 112 هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران بەڕێوە چووە کە دوو کەسیان ژن بوون.

ماڵپەری هەنگاو بلاوی کردۆتەوە لە ساڵی  2017 لە وڵاتی ئێران 112 هاوڵاتی کورد لە زیندانەکان لەسێدارەدراون ئەمەش بە بەراورد بەساڵی 2016 چوار حاڵەتی لە سێدارەدان زیادی کردووە،   

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لە ماوەی ساڵی 2017 دا، حوکمی سێدارەی 112 هاووڵاتیی کورد لە ئێران بەڕێوە چووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2016 ی زایینی 4 حاڵەت زیادی کردووە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو112 کەسەی کە لەسێدارە دراون، دوو کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەزهەبی، 73 کەس بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان، 41 کەس بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست، 4 کەس بە تۆمەتی دزی چەکدارانە و دوو کەس بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و حوکمەکەیان لە ساڵی 2017 دا جێبەجێ کراوە، حوکمی سێدارەی 8 کەس لەو 112 کەسە لە پێش چاوی خەڵک بەڕێوە چووە کە 3 کەسیان لە شاری ئیلام، 2 کەسیان لە شاری سەرپێڵی زەهاو و 3 کەسیش لە شارەکانی شائاباد، سەڵماسە لەپێش چاوی خەڵک لەسێدارە دراون.

هەروەها، زیاترین حوکمی سێدارەی هاووڵاتیانی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە بووە کە 44 حاڵەت بووە، بەندیخانەکانی کرماشان بە 17 حالەت و خوڕەمئاوا بە 10 حاڵەت دوای ئورمیە زیاترین هاووڵاتی کوردیان تێدا لەسێدارە دراون. 

هەمان سەرچاوە بڵاوی کردۆتەوە کە نیوەی ئەو کەسانەی کە لەسێدارەدراون  خڵکی پارێزگای ئورمیەن، هەروەها بچووکترین کەس لەو ژمارەیە کە لەسێدارەدراون تەمەنی 21 ساڵ بووە، بە تەمەنترینیشیان 63 ساڵان بووە.