سەعات

ساڵح میراودەلی

kgn

سەعات ( کاتژمێر ) ڕەگێکی قوڵی مێژوویی ھەیە، لە شارستانیەتی بابلیەکان و میسریە کۆنەکاندا تا دەگاتە شارستانیەتی ڕۆم و یۆنانیەکان، بەردەوام لەھەوڵی ئەوەدابوون، بۆ پێوانەی کات ڕێگایەک بدۆزنەوە، سەرجەم ھەوڵەکانی ئەوکات لەسەربنەمای تیشکی خۆر و سێبەر بووە.

دیارنیە کێ یەکەم کەس بووە بیرۆکەی ژماردنی کاتی داھێنابێت، بۆ ڕێکخستنی کاتەکانی ژیانی ڕۆژانەمان، ئەوەی نوسراوە یەکەمین داھێنانی کاتژمێر دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە شەش ھەزار ساڵ لەمەوپێش و لەسەردەمی شارستانیەتی بابلیەکاندا کاتژمێرێک داھێنراوە ( sundial ) ،سەندایەڵ واتە جێگیرکردنی پارچە کانزایەک لەسەر شوێنێکی تەخت کە ھێڵەکانی ژماردنی کاتی تێدا نوسراوە یان ھەڵکەندراوە.

کۆنترین کاتژمێری کۆنیش کە دۆزراوەتەوە و ئێستا لەبەردەستە، کاتژمێرێکی سەردەمی شارستانیەتی میسریە کۆنەکانە، مێژووەکەی بۆ ھەزار و پێنج سەت ساڵی پێش زاین دەگەڕێتەوە.

لەدوای ئەو سەردەمەشەوە، مرۆڤایەتی بەردەوام لەھەوڵی داھێناندا بووە، بۆ بەردەست بوونی ئەو ئامێرە گرنگە ، لەسەدەی سیانزەوە لەوڵاتانی ئەوروپا، تەنھا لەشوێنی کاری زاناکان کاتژمێر ھەبووە، ئەویش بە قەبارەیەکی گەورە.

Peter henlein – پیتەر ھێنلین
لەمێژووی تازەی مرۆڤایەتیدا، ئەو کەسەی بۆیەکەمجار کاتژمێری داھێنا، پیتەر ھێلینی ئەڵمانی بوو، کەتوانی لەساڵەکانی سەرەتای سەدەی پانزەیەم، لەشاری نۆرمبێرگی ئەڵمانیا، یەکەمین کاتژمێر دروست بکات بەقەبارەیەکی بچوک، بەجۆرێک لەڕێگەی نوسان بەجل و بەرگەوە ھەڵدەگیرا.

کاتژمێر ڕۆڵێکی گرنگ لەژیانی مرۆڤایەتیدا دەگێڕیت، بۆ ڕێکخستن و دابەشکردنی کاتەکانمان بۆ کاروباری ژیانی ڕۆژانە، بۆ بەشی زۆری دەسپێکەکان دەچینەوە ژێر حوکمی ئەو ئامێرە.

بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، زۆر جاران لەیەک کات و شوێندا چەندین کاتژمێرت لەبەردەستە، کاتژمێری ( دەستی، مۆبایل یان مۆبایلی زیرەک، ئۆتۆمبێل،ھەڵواسراو،شوێنەگشتیەکان ).
بە بەراورد لەگەڵ جاران، ئێستا ئامێرەکە زۆرە و کات کەمە، جارانیش ئامێرەکە کەمبوو بەڵام کات زۆرزیاتر بوو.

ئەم وێنەیە کاتژمێری شارستانیەتی میسریەکانە، ١٥٠٠ سڵ پێش زایین دروستکراوە.
ئەوەش دیزاینی سەندایەڵی کۆن.