UN پشگیری گفتوگۆی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌كات

 

 

سايتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاويكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌ نامه‌يه‌كدا كه‌ ئاراسته‌ى نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پشتگیریى خۆى بۆ دیالۆگێكى سیاسى له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراقى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌ر‌بڕيوه‌.

ئه‌مڕۆ یان كۆبیش نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق نامه‌كه‌ى گه‌یاندووه‌ته‌ نێچیرڤان بارزانى و تێيدا گۆتێریس خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕیوه‌ به‌وه‌ى كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا ئاماده‌ییى خۆیان بۆ گفتوگۆ پیشان داوه‌.

هه‌روه‌ها سايتى حكومه‌تى هه‌رێم بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، له‌ نامه‌كه‌دا سكرتێرى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌یى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانى بۆ هاوكارى له‌ گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولادا ده‌ربڕیوه‌ و ده‌ڵێت: “هه‌ردوولا هان ده‌ده‌م كه‌ هه‌نگاوى پێویست بنێن بۆ دابینكردنى زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار له‌پێناو ده‌ستپێكردنى دانوستانێكى راسته‌قینه‌”. هه‌روه‌ها دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ “كاتێك كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ى داعش له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ ماوه‌، له‌پێناو ئاشتبوونه‌وه‌ى نیشتمانى و دابینكردنى زیاترى سه‌قامگیریدا، ده‌بێ له‌م دۆخه‌دا رێ له‌ ناسه‌قامگیرى بگیرێت”.

له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان دووپاتيكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق به‌ دیالۆگ و له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بكات.