حه‌دیسی : تاوه‌كو ئێستا ریفراندۆم هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌

سه‌عد حه‌ديسى، وته‌بێژى نووسينگه‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى ره‌تيكرده‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامى ريفراندۆمى هه‌ڵوه‌شاندبێته‌وه‌.

حه‌ديسى رايگه‌ياند، رێزگرتنى هه‌رێمى كوردستان له‌ بڕيارى دادگاى ئيتيحادى به‌ ماناى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى نايه‌ت.

هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێم له‌ 25ى ئه‌يلوول/ سێپتێمبه‌رى رابردوودا له‌ راپرسييه‌كدا به رێژه‌ى زياتر له‌  %92ى به‌شداربووان ده‌نگيان به‌ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان دا.

حكومه‌تى عێراق پێداگيرى له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ئه‌و پرۆسه‌يه‌ ده‌كات.

له‌ لايه‌ن خۆيه‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك نيازپاكييه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنى دانووستانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا ئه‌نجامى پرۆسه‌ى ريفراندۆمى سڕ كرد.

ئه‌مڕۆ ژماره‌يه‌ك كه‌ناڵى راگه‌ياندن له‌ زارى حه‌ديسييه‌وه‌ بڵاويان كرده‌وه‌ گوايه‌ ناوبراو رايگه‌ياندووه‌، هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامى ريفراندۆمى هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌.

به‌ڵام له‌ نوێترين لێدوانيدا بۆ كه‌ناڵى RTى رووسيا، ناوبراو ره‌تيكردووه‌ته‌وه‌، به‌كارهێنانى ده‌سته‌واژه‌ى “رێزگرتن له‌ بڕيارى دادگاى ئيتحادى” كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌كارى هێناوه‌ ئاماژه‌ بێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ريفراندۆم.

پێشتر حكومه‌تى هه‌رێم رايگه‌ياندبوو، ئه‌وان رێز له‌ بڕيارى دادگاى ئيتيحادى ده‌گرن كه‌ راڤه‌ى مادده‌ى يه‌كه‌مى ده‌ستوورى فيدراڵى عێراقى كردووه‌.

حه‌ديسى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام جه‌ختى له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى ئيتيحادى كردووه‌ته‌وه‌.

كۆمینت بنوسه‌

سه‌ردێر