سوریا داوایەک ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە

KGN – NEWS

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پەیامێکی لە هاوتاکەی لە سوریا سەبارەت بە کردنەوەی خاڵی سنوری نێوان دوو وڵات لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار لە نێوان قەزاکانی قائمی عێراق و بوکەمالی سوریا پێ گەیشتووە.
بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی میدیای فەرمی ڕوسیا باڵیۆزی سوریا لە عێراق پەیامی وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتەی ڕادەستی ئیبراهیم جەعفەری کردووە.
جەعفەری لەم چاوپێکەوتنەدا جەختی لە سەر پێویستی هاوئاهەنگی زیاتری نێوان هەر دوو وڵات بە ئامانجی چارەسەربوونی کێشەکانی ناوچەی عەرەبی لە ڕێگای ئاشتیخوازانە و بە دوور لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکدی کردووەتەوە و ڕاشیگەیاندووە کە عێراق پێداگری لە سەر گەڕانەوەی سوریا بۆ پێگەی عەرەبی خۆی دەکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزی سوریا لە بەغدا ستایشی هەڵوێستی عێراقی لە قەیرانی چەندین ساڵەی وڵاتەکەی کردووە.