ئسرائیل هه‌ست به‌مه‌ترسی حزب لله‌ ده‌كات دوای داعش

شەڕی دژی داعش دەرفەتی ئەوەی بە ئێران، حیزبوڵڵا و میلیشیا شیعەكانی سەر بە تاران داوە پانتایی وجوودی چەكداریی خۆیان لە ناوچەكەدا فراوانتر بكەنەوە، بێ ئەوەی رووبەڕووی هیچ بەربەستێكی نێودەوڵەتی ببێتەوە. یەكێك لەو رەخنانەی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا رووبەڕووی هەردوو ئیدارەی پێشوو و ئێستای ئەمریكا كراوەتەوە ئەوەیە لە ستراتیژی ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هیچ پلانێك بۆ جڵەوكردنی تموحەكانی ئێران لە ناوچە رزگاركراوەكاندا نەبووە، لە كاتێكدا ئێران پلانێكی تۆكمەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پاش داعش هەبووە.

میشێل ئۆرین، كاربەدەستی باڵای حكومەتی ئیسرائیل و باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەمریكا، پێیوایە “یەكێك لە گەورەترین تراژیدییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئەوە بووە كە ئێران، رووسیا، سووریا و ئەمریكای وەكوو هاوپەیمانێك لێكرد، دواجاریش ئێران و بەشار ئەسەد قازانجیان لەم هاوپەیمانێتییە كرد”. سەبارەت بە لێكەوتەكانی ئەو هاوپەیمانێتییە سەیر و سەمەرەیەش میشێل بە (بە جورناڵ)ی ئەمریكی راگەیاندووە “بمانەوێ و نەماوێت ئەمە ئاكامی دەبێت و پێویستە لەگەڵیاندا هەڵبكەین”.

لای ئیسرائیلییەكان كۆتایی هاتنی داعش كۆتایی سەردەمێكی زێڕینی مێژووی ئیسرائیلە لە ناوچەكەدا، لەبەر ئەوەی سەرهەڵدانەكانی بەهار عەرەبی توانای سەربازیی و سیاسی و ئەمنی وڵاتانی عەرەبی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردەوە. شەڕی نێوخۆی سووریا زۆرینەی دامەزراوە سەربازی و كیمیاییەكانی دیمەشقی تێكشكاند، بەمەش مەترسییەكی گەورە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل لاچوو. جیا لەمەش فراوانخوازییەكانی ئێران وایكرد وڵاتانی عەرەبی بۆ یەكەمجار هەوڵی نزیكبوونەوە لە ئیسرائیل بدەن.

ئۆرین جەخت لەوە دەكاتەوە كە “ئێستا پێگەی ئیسرائیل لە هەموو كات باشترە، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبەر چاو بێت كە حیزبوڵڵا 130 هەزار مووشەك و رۆكێتی هەیە و دەتوانێت هەموو شارەكانی ئیسرائیل بكاتە ئامانج. ئێمە دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت حیزبوڵڵا ئەو هەموو چەكەی تەنیا بۆ كۆكردنەوە وەرنەگرتووە، بەڵكو دەیەوێت رۆژێك لە رۆژان بەكاریان بهێنێ”.

لە ساڵی 2006، حیزبوڵڵا تەنیا 15 هەزار مووشەكی هەبوو، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتەكەی گروپی قەیران ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 130 هەزار مووشەكی دووربڕ و نزیكبڕ بەرزبووەتەوە.