فەیسبووک تایبەتمەندی “لەیەکتر نزیککردنەوە” زیاد دەکات

 

KGN – زانست و تەکنەلۆژیا

تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەى بەوە دا کە تایبەتمەندی “لەیەکتر نزیککردنەوە” بۆ تۆڕەکە زیاد دەکات.

سەرۆکى بەشی پەرەپێدانى بەرهەمەکان لە فەیسبووک، کریس کۆکس لە “کۆنفڕانسی f8” بۆ گەشەپێدانی بەرنامەکان رایگەیاند کە پێگەکەیان تایبەتمەندیەکى نوێ زیاد دەکات بۆ زیاتر رەخساندنی بوارى یەکترناسین بۆ ئەو کەسانەى کە لە رێگەى تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە پەیوەندى سۆزداری دەبەستن.

بەکارهێنەرانى ئەم تایبەتمەندییە نوێیە کە “تایبەتمەندییەکى ئارەزوومەندانەیە” دەتوانن لە رێگەى فەیسبووکەکەى خۆیانەوە پڕۆفایلێکى جیاواز بەکار بهێنن بۆ ئەم مەبەستە. لە پڕۆفایلە نوێیەکەدا تەنها ناوى یەکەمی بەکارهێنەرەکە و کات داوا دەکرێت و ئەم زانیارییانە لە پڕۆفایلە سەرەکییەکەی خۆى و لاى هاوڕێکانى بەدیارناکەوێت.

لە تایبەتمەندییەکەدا جیاواز لە ماسێنجەرى راستەوخۆی فەیسبووک، ماسێنجەرێکى تایبەت دەخرێتە بەر دەستی بەکارهێنەرانی ئەم تایبەتمەندییە نوێیە.

دامەزرێنەر و بەڕێوەبەرى کۆمپانیای فەیسبووک، ماڕک زوکەربێرگ ئاماژەى بەوەدا کە “ئەم تایبەتمەندییە بۆ بەستنی پەیوەندی کورتخایەن نییە بەڵکو دەستەبەرکردنی پەیوەندى واتادار و درێژخایەنە”.

زوکەربێرگ گوتیشی تایبەتمەندییە نوێیەکەى فەیسبووک جیاواز دەبێت لە سیستەمی تیندەر و سیستەمەکانی هاوشێوەى ئەو.

لەدوای ئەم روونکردنەوەیە خاوەنی پێگەى تیندەر Match.com دابەزینی رێژەى بەشداربووانی پێگەکەى ئاشکراکرد.

س.ئاژانسەکان