کێ بەرپرسیارە لەوەى ڕوویدا؟

برهان ڕئوف

ئەوەى لە ڕۆژى 16/10/2017 ەو ڕۆژانى دوایى ڕوویدا لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانى ترى دەرەوەى هەرێم شتێکى چاوەڕوان کراوبوو، لە دەستدانى نیوەى خاکى مێژوویى کوردستان بوو لە هەمان کاتدا کە کورد لە شەڕى تیرۆر و داعشدا لە هاوپەیمانى نێو دەوڵەتیدا ئەندامێکى کاریگەر بوو بە قەولى ڕۆژئاواییەکان خۆیان چ ئەمریکاو چ ئەوروپیەکان .

کە چاوەڕوان دەکرا کورد لە باشوور کە یەکێک لە لایەنە براوەکانى ئەو شەڕەبوون خاوەنى دەستکەوت و غەنیمە بن بەڵام بە پێچەوانەوە بوون بە یەکەم قوربانى لە سایەى سەرى کاربەدەستانى هەرێمەوە .

لە دەستدانى هەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتى و ئیقلیمیەکان و ناوخۆییەکان بە عێراقیشەوە، داخستنى هەردوو فڕۆکەخانەکانى هەولێرو سلێمانى هەڕەشەى داخستنى هەموو دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى ئێران و تورکیا.

ئەگەر لەماوەى ڕابردوودا هەرێمى کوردستان خاوەنى تایبەتمەندییەکى خۆى بوو سەرەڕاى ئەوەى کە هەرێمێکى فیدراڵى عێراق بوو زۆر دەستەڵاتى فراوان و سەربەخۆى هەبوو بەڵام لە ئێستادا وادیارە ئیتر حکومەتى ئیتحادى قایل نابێت بەو فۆرمەى جاران حوکمڕانى بکات و بەند بەندى دەستوورو یاساکانى بەسەردا دەسەپێنن دواى ئەوەى ئەمریکا و هاوپەیمانى کانى لەسەر مەسەلەى ڕیفراندۆم زیز بوون لە کاربەدەستانى هەرێم وتیشکى سەوزیان بۆ بەغدا داگیرسان .

بەڵێ لە ئێستادا لە دواى لە دەستدانى زۆربەى کارتە بەهێزەکانى دەستى هەرێم بەهۆى زۆر فاکتەرەوە لەوانە پەکخستنى پەرلەمان و دەستاودەستنەکردنى دەستەڵات تا سەرکێشى ڕیفراندۆم و گوێ نەگرتن لە هەموو هەوڵەگرنگەکانى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا و نامەکەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و ئەنجومەنى ئاسایش و وڵاتانى دراوسێ وئەمیندارى کۆمەڵەى وڵاتانى عەرەبى بۆ داوخستنى و نەکردنى ڕیفراندۆم .

لە هەموو ئەوانە نیگەرانکەرتر پاشەکشەى کوردو پێگەکەى لە عێراق و ناوچەکە یەکگرتن و هەمانەهەنگى هەموو یارونەیارەکان دژ بەکورد و تازەبەتازە کاربەدەستەکانى عێراق لە ناو هێنانى کوردستان خۆیان دەپارێزن و وەکو تورکیا ئەمانیش دەڵێن باکوورى عێراق .

ئێستا لە دواى ئەو شکست و نووشستیە پڕ ئازارە کاتى تۆمەت بەخشینەوەو بەزم و بالۆرە نیە کاتى بڕیارى بۆێرانەو ئازایانەیە کاتى داننانە بە شکست و کاتى چوونە ژێر بارى بەرپرسیارێتیە لە ئاستى باڵادا بە دەستلەکار کێشانەوە، چونکە وڵات هەر بەوە لەم قەیرانە قوورسە ڕزگارى دەبێت و دەرگاى وتوێژو دان و سان لەگەڵ هەموولایەکدا دەکرێتەوە .

بە پێچەوانەى ئەوەوە هەمان ئەزموونى سەدام حوسێن دووبارە دەبێتەوە کە نەچووە ژێر بارى هیچ بەپرسیارێتى و ئامۆژگارى یارونەیارەکانى تاوەکو بەکارهێنانى هەموو کارت و فشارەکان بە سەربازیشەوە تا کۆتایى یان پێهێنا .

لە هەمان کاتدا دەبێت کاربەدەستانى حکومەتى ناوەندى عێراق باش بزانن کە گەڕانەوە بۆ شێوازو ئەزموونە کۆنەکانى عێراقى سنتراڵ حوکمڕانى عێراق ناکرێت و جارێکیتر دەمبانبەتەوە بۆ توندوتیژى و خوێن ڕشتن .