
ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژوو بێگومان ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە چاكسازی لەسیستمی سیاسیدا رۆڵێكی گرنگی هەیە لەرێنیسانسی گەلاندا، گەلانی ئەوروپا چەندان سەدە سەرقاڵی ململانێی نەتەوەیی و ئاینی بوون، كە ئەمە بەسەدە تاریكەكان ناودەبرێن، بەڵام لەكاتێكدا كەنەوەیەكی نوێیان لێ دروست بوو لەروناكبیر و نوسەرو چاكساز ، توانیان چاكسازیەكی گەورە لەسیستمی سیاسی و ئاینی و فێركردندا بكەن ئەوروپایان لەسەدەكانی تاریكیەوە گەیاندە سەدەی روناكی ،لەنەفامیەوە بردیانن بەرەو زانست و مەعریفە، دواجاریش رابەرایەتی جیهانیان كەوتە دەست لەرووی شارستانی و پیشكەتنەوە.
شەستەکانی سەدەی ڕابردوو وڵاتی سەنگاپوور ئەوەندەی عەقڵ و خەیاڵ بڕکا لە گەندەڵی و تاوان وھەژاری دا ڕۆچووبوو ، هەتا پلە و پۆستەکانی حکومەت و دەوڵەتداری کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا ، دزو چەتە و ڕێگر و لەشفرۆشەکان لە داھات و دەستکەوتەکانییان ھاو پشک و ھاوبەش بوون ، بەڵام ( لی كوان یو ) کە یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئەو ووڵاتە بوو، دوای سەربەخۆی سەنگاپوور لە ماوەی نزیکەی سی ساڵێک، سەنگاپور کە لە ڕیزی ووڵاتانی جیھانی سێیەم بوو، گەیاندییە ڕیزی ووڵاتانی پێشکەوتوو و کردی بە سەنتەرێکی گەورەی بازرگانی جیھانی و یەکێک لە چوار پڵنگەکانی کیشوەری ئاسیا ، (لی كوان یو) لەبارەی سەرکەوتنی وڵاتەکەیەوە دەڵێت : پێش ھەموو شتێک مرۆڤم بنیات نا، ئاوڕم لە مامۆستایان دایەوە و بەرزترین مووچەم بۆ بڕینەوە و ئەوانم گەیاندە ئەو پلە و پایەیەی کە شایانی بوون و پێپێم گووتن من دامودەزگاکانی دەوڵەتداریتان بۆ بنیات دەنێم و ئێوەش مرۆڤم بۆ بنیات بنێن . هەروەها دەشڵێت : ووڵاتە پێش کەوتووەکان بە پەروەردە و فێرکردن دەستیان پێکرد منیش بەوە دەستم پێکرد، گرنگیم بە ئابووری دادگەرانە دا زیاتر لە سیاسەت و شێوازەکانی فەرمانڕەوایی و زانکۆ و خوێندنگام بنیاتنا و لاوەکانم ناردە دەرەوە و بۆ ھێنانەوەی زانست و زانیاری.
قسەكردنی ڕۆژانە لەسەر كەیسی چاکسازی ئەگەر مەشغوڵ كردنی هاوڵاتیان و کات بەڕێکردن نەبێت هەنگاوێکی باشەو عیبرەتیش لە جێبەجێ کردنی یاساکەدایە ، ئێستا هەموو لایەنەکان لەفراکسیۆنە جیاوازەکان کۆکن لەسەر هەبوونی گەندەڵی و پێویستی جێبەجێکردنی یاسایی چاکسازی ،بەڵام بەپێی هەموو پێودانگێک ئەم چاکسازییەی کە پارتی دیموکرات بە پلەی بانگەشەی بۆ دەکات و زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەی کردووە هەنگاوێکی شەرمنانەو خۆدزینەوەیە لە شکستی سیاسی و ئیداری و بەڕێوەبردن و ئابوری و پەروەردە .. هتد ،کە بە شێوەیەکی نازانستی هەرێمی کوردستانیان بەرەو ئاسۆیەکی نادیار بردووە ، چاکسازی بۆخۆی زانستە و پێویستی بەدامەزراوەی خاوەن ئیرادەی چاکسازی و بڕیاردەر هەیە ،چاکسازی پێویستی بە دامەزراوەیەک هەیە کە لێهاتوو کارامەو بوێر و ڕاشکاو بن ونیەتی خێریان لە چاکسازی ڕاستەقینەدا هەبێت نەک نیەتی تۆڵەکردنەوە لەبەرامبەر و لەیەکتر و بەرژەوەندی سیاسی و حیزبی و بنەماڵەیی بپارێزن ، چاکسازی لە ناو پرۆسەی سیاسی و ئیداری حکومەتداریدا نە بەتەنیا کەسێک و نە بەتەنیا لایەنێکی سیاسی ناکرێت ، بەڵکو پێویستی بە ئیرادەی گشتگیرو ڕاستگۆیی و یەکڕیزی و کۆدەنگی نیشتیمانی هەیە .
هەرێمی کوردستان پێویستی بە چاکسازی گشتگیر هەیە، پێویستە هەموو سێکتەرەکان چاکسازی تێدا بکرێت ، بەتایبەت داهاتی نەوت و پشکی کۆمپانیاکانی نەوت و گواستنەوەی نەوت و پشکی وڵاتان کە هێڵی سورن و تائێستا پارتی دیموکرات خۆی لەقەرەی نادات ! دواتریش پرسی داهات لە خاڵە سنورییەکان و کۆمپانیاکانی سیکوریتی و بابەتی قەرزەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەندە قەرزارە و قەرزاری کێ یە؟ و وردەکارییەکانی بۆ پەڕلەمانتاران و خەڵکی کوردستان ڕوون بکرێتەوە ، ئەگەر دەتانەوێت قۆناغ بە قۆناغ هەرێمەكە چاك بكەن، ئەوە کارێکی باش دەکەن و خۆئەگەریش نا پرسی چاكسازی مەکەنە دروشم و موزایەدەی سیاسی !
یاسایی ئێستایی چاکسازی سەرباری هەموو تێبینیەکان نە ئەوەندە خراپە کە زەڕبی سفری بکەیت و نەئەوەندەش باشە کە بیکەیتە هەڵایەکی گەورە و بانگەشەیەکی زەبەلاحی بۆ بکەیت ، یاسایی ئێستایی چاکسازی تەنها کاری بچوکی پێدەکرێت و کاری گەورەی لێ چاوەڕوان ناکرێت ،یەعنی یاسایی چاکسازی ناتوانێت سیستەمی سیاسی و دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان ڕێکبخاتەوە ، چونکە ئەوانەی چاکسازی ئەکەن نوێنەرو ئەڵقە لەگوێی حیزب و لەناو حیزبیشدا خەمخۆری بنەماڵەو هەوڵەکانیشیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی بنەماڵە و حیزبە ، حیزب و بنەماڵەش بۆخۆی ئەو عیلەتەیە کە فەسادی لەناو سیستەم دا چاندووە ، هەڵبەت من دژی یاسایی چاکسازی نیم بەڵام لە قەدو باڵای ئەم حیزبانەو ئەم نوێنەرانە لە پەڕلەمان هەر ئەوەی لێ سەوز دەبێت و چیتر لێمانی مەکەن بە هەڵایەکی گەورە !