
کێ دوژمنی خەلکی ھەژاری کوردستانە؟
لەتیف شێخ مستەفا
ئەم نوسینەم پێش چەند ساڵێک نوسیوە بەلام ھەستەکەم ھیچ غەدرێکم لێ نەکردون پڕ بە پێستی خۆیانە
با حیسابێک بکەین :
١- لە شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٦١ تا ساڵی ١٩٧٥ لە ھەموو ئەوناوچانەی لە ژێر دەستی شۆڕشدا بوون خەڵک لە کولەمەرگی و مەمرەو مەژیدا ئەژیا ، تەنەکەیەک نەوت بە ٦٠٠ فلس بوو ڕۆژانەی کرێکارێک ئەگەر ئیشێک ھەبوایە بە ٣٥٠ فلس بوو ، بەرپرسەکانی شۆڕشیش لە ئەندامی ڕێکخراوەوە تا سەرەوە ژیانی پاشایانە دەژیان ،ماڵمان لەماوەت بوو بیرمە چۆن ئەو کاتیش خەڵک باسی زوڵم و دزی و ڕاوو ڕوتی ھەندێک لە بەرپرسەکانیان دەکرد
٢- لەساڵی ١٩٧٥ کە ئاشبەتاڵ كرا تاوەکو ١٩٩١ کە لەژێر دەستی دوژمنی بەعسی فاشیدا بوین ،سەرەڕای چەوسانەوەی نەتەوەیی ،بەڵام ھەرزانی و فەرحانی ھات و کەس فەقیر و برسی نەما ، جگە لە دیکتاتۆریەت و نەبونی ئازادی خەڵک لە ھیچی کەم نەبوو ، عەدالەتێکی کۆمەڵایەتی ھەبوو،تا ڕادەیەک ھەژاری و بێکاری نەما
٣- لە ساڵی ١٩٩١ تاساڵی ٢٠٠٣ کە دوبارە ڕزقی خەلک کەوتەوە بەردەستی بازرگانانی کوردایەتی وشۆڕش دوبارە خەلک برسی بونەوەو و بە کوێرەوەری ژیانیان بەسەر دەبرد چەندین کەس بە غازی خەڵوز خنکان ، بەرپرس و ژن و منداڵەكانیشیان ڵەو پەڕی خۆشگوزەرانی و کەیف و سەفاو سەفەری ولاتان بوون
٤- لەساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤ کە دوبارە موچەو پارەمان لە بەغدای دوژمنەوە بۆ دەھات جارێکی تر بوژاینەوەو ھەرزانی ڕوی لە ولات کردو فەقیر ئاھێکی بەبەردا ھاتەوە
٥ – لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە کە دوبارە موچەو قوتمان کەوتەوە ژێر دەستی پارێزەرانی مافی خەڵک و کوردایەتی جارێکی تر قوتیان بڕین سوکایەتی نەما پێمان نەکەن خۆشیان لەوپەڕی سەڵتەنەت و عەنعەنتدا دەژیان
٦- لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە سەرەڕای ئەوەی جارێکی تر بەغدای دوژمن پارەی خەڵک و موچەخۆران بەتەواوی دەنێرن کەچی ئەوەندە چاو قایمن خیانەت و دزی ھەم لە خەڵک و ھەم لەبەغداش دەکەن و بە حەرامی بەقوڕگی خۆیان کۆمپانیاکانیان و دەست وتاقم و بنەماڵەو كوڕو نەوەكانی خۆیانیدا دەکەن
٧-کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم پابەندی رێککەوتنەکەی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ نەبوون و ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەکەیان رادەست نەکرد ، حکومەتی بەغدا بە ناچاری و دوای زیاتر لە ساڵێک و چوارا مانگ و دابەزینی نرخی نەوت بودجەی ھەرێمی وەستاند بە شێوەی کاتی و ٤٠٠ ملیاری وەک نیاز پاکی نارد ، کەچی سەرانی ھەرێم لەجیاتی ئەو پارەیە بدەنە موچەخۆران و بچن لەگەڵ بەغداش رێک بکەون پارەکەیان حەپەلوش کرد
بەو حیسابەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئێمە بەتایبەتی چینی زۆرینەی میللەت ،ھەرکاتێک لە ژێر دەسەڵاتی بەناو خەباتگێڕانی مافی خەڵکی کوردستاندا بوبین برسی کراوین و سوکایەتیمان پێکراوە ، ھەرکاتێکیش لە ژێر دەستی دوژمندا بوبین و قوتمان بەدەست ئەوان بوبێت تێرو پڕبووین
ئەوەی سەیریشە لە ساڵی ١٩٦١ یشەوە بەوە ھەڵماندەخەڵەتێنن کە ئەوان بۆ مافەکانی ئێمە خەبات دەکەن
ئەم نوسینە بۆ جوانکردنی ڕوی سەدام و ڕژێمەکەی نیە ،بەڵکو بۆ پیشاندانی ڕوی ڕاستەقینەی ئەمانە
لە جیاتی ئەوەی گوێبگرن وبەخۆدا بچنەوە وەک جارانی دی جاش قەڵەم و کۆنە بەعسیەکانیان ڕادەسپێرن تەخوینمان بکەن و بەجاش و بەعسیمان بکەن ، ھەرچەندە ئەو تۆمەتانە لەسایەی ناشیرینیەکانی ئەمان ئەوەندە ناشیرین نەماون