
ساڵح میراودەلی
زۆرێک لەوانەی بەردەوام سەرقاڵی دەمەزەرکردنەوەی گوتاری کوردایەتی و ناسیۆنالیزمن،بەتەنیشت بۆچوونەکانیانەوە،بەچەند جۆری جیاواز دەڵێن و دەنوسن،کە ئێمەی کورد میللەتێکی گەورە و مەزنی پەنجا ملیۆنین و مافی ئەوە و ئەوەمان ھەیە،دیارە بەشی زۆری ئەو بۆچوونانە بەرھەمی ئەدەبیاتی کلاسیکی نەوەکانی شاخ و ڕۆشنبیرە مفتخۆرەکانی شارە، بەشێکیشیان لە بێ ئاگایی خۆیانەوە بەردەوام مەلە لەو گۆمە لێڵەدا دەکەن.
سەردەمی ئێستا سەردەمی ئەقڵ و مەنتق و تیۆری زانستیە،پێوانەی گەل و نەتەوەکان تەنھا لەسەرژمێری ژمارەی دانیشتواندا بە ژمارە دەکرێت.
دەنا لەبنەڕەتدا پێوەر بۆ ھەموو گەل و نەتەوە و نیشتیمانێکی مەزن پەیوەستە بە ئاستی ئاگایی و پێشوەچوونیان لە بوارەکانی فەلسەفە و زانست و فکری سەردەمیانەدا.
ئێمەی کورد، بەشی زۆری ژیان و بیرکردنەوەمان،لە گۆڕەپانی بوارە کەم بایەخ و لاوەکیەکاندا بەسەردەبەین، لە یەک کاتدا کۆمەڵێک باس و بابەت ڕوومان تێدەکات،ھەندێکیان زۆر لاوەکی و بێ بەرھەم،ھەندێکیشیان گرنگ و چارەنوسساز.
دەبینین بە نوخبە و میدیا و خەڵکەوە،ھەمووی دەستی گرتووە بە پنجێکی بابەتە لاوەکی و بێبایەخەکانەوە،لەپشتیشمانەوە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و چارەنوسساز تێدەپەڕن کە کاریگەری بەسەر ژیان و ئایندەمانەوە ھەیە، لەو سەریشەوە کە ڕووبەڕووی نەھامەتی و دەردەسەری دەبینەوە،گلەیی لە بەختی خۆمان دەکەین و دەڵێین ئەوە چارەنوسە!
ئێستاش ھەندێک ھۆزی نیشتەجێ لە وڵاتانی ئەفریکا و ئەمەریکای لاتینی ھەن،خۆیان سەرجەم پێداویستیەکانی خۆیان دابیندەکەن،لە جل و بەرگ و خواردن و گیادەرمانی و ھەندێک چەکی سوک بۆ بەرگری و ڕاوکردنی نێچیرەکانیان، ئەوە باسی ھیچ وڵاتێک ناکەم چونکە ئێمە تا ئێستا نەگەیشتوینەتە ئاستی ئەو خێڵە سەرەتاییانەش کە کوردی بێ ئاگا بە (وەحشی) ناویان دەھێنێت.
میللەتێکی ھێندە دواکەوتووین، ھێندە بچوکین دوو ڕۆژ سنوری ئەو وڵاتانەمان لێدابخرێت کە بەداگیرکەریان دەزانین،توانای دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانمان نیە!
چەند ساڵێک لەمەوپێش سنور بۆ دوو ھەفتان داخران،نرخی سندوقێک تەماتە خۆی دەبن نرخی بەرمیلە نەوتی کردبوو،خۆ ئەگەر چاو لە کەناڵە کوردیەکانیش دەکەی،جگە لەخۆ نمایشکردنی جل و بەرگ و جوانکاری پێشکەشکاران و درۆی موحەلیلەکان و بۆینباخی زمان درێژەکان ھیچ نابینی، یەکێک نەزانێت دەڵێ کۆمپانیای ئەپڵ لە ھەناوی ئیمارەتە جەنگەڵیەکەی ئەواندا لەدایک بووە.
ئاخر بە ھەموو پێوەرێکی لۆژیکی بچوکترین میللەتی دنیا ئێمەی کوردیی
تێبینی: ساڵێک پێشتر ئەو بابەتەم نوسیوە بەگرنگم زانی جارێکی دیکە بڵاوی بکەمەوە، بۆ ئەوەی سودێکی ھەبێت.