ڕەنگە كات هاوكێشەكە بگۆڕێت

عوسمان گوڵپی م

لە ئێستادا باڵانسی بەغداد لە دانوستانەكاندا بەرزە و هەرێم دەبێت زیاتر بچێتە ژێر باری مەرجەكانی بەغداد، بەڵام ڕەنگە كات هاوكێشەكە بگۆڕێت، بۆیە هەرێمی كوردستان گەر بتوانێت تەنها دوو مانگ بەبێ بەغداد مووچە بدات، ئەوا لە دوو ڕوەوە سودی دەبێت بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، لە لایەك وێنەی كازمی كەمێك ڕوونتر دەبێتەوە و كورد تێدەگات لەوەی ئەگەری سەركەوتنی كازمی بەو شێوازەی خۆی دەیەوێت چەندە، وە پشتیوانیەكانی تا چەند ئامادەن پشت لە دۆستەكانیتریان بكەن بۆ كازمی و لە پێناو بەهێزبوونی كازمیدا كێ لاواز دەكەن، یان ئایا كازمی ئەوەی دەیڵێ بۆی دەچێتەسەر، ئەو زەمینەیە لە عێراقی ئێستادا لەبارە؟ كە من پێموایە سەركەوتنی كازمی بەندە بە چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ كورد و لا نەدان لەو خواستەی كە ئەمریكا لە پێناویدا پشتیوانی دەكات

لە لایەكیترەوە ئەگەری زۆر هەیە نەیارەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە بەشێكی زۆری حەشدی شەعبی و ئەو هێزانەن لە ئێرانەوە نزیكن، بێ دەنگ دانەنشین و دژایەتیان پێ بنێتە لێواری بەریەككەوتن، حەتمەن ئەمە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دووری و نزیكی كازمیەوە هەیە بۆ ئێران

لە ئەگەری توندتربونی ململانێ نێوخۆییەكانی عێراق و دروستبونی ئاستەنگی جدی بۆ مستەفا كازمی، ئەو كات مەیلی ڕێككەوتن لەگەل هەریم دەگۆڕێت و بەغداد ئاسانتر مامەڵە دەكات، چونكە لە ناكۆكی نێوخۆیی ماڵی شیعەی عێراق،پاوەری كورد بەرز دەبێتەوە لە دانوستانەكاندا و بەڕای من بەرپرسانی كورد چاوەڕێی ئەمە دەكەن

تێبینی
من باسی هەرێم و بەغداد دەكەم نەك یەكیەتی و پارتی و حیزبەكان، مەسەلەی باشی و خراپی دەسەڵات باسێكیترە

 994 `بینراوه‌

كۆمینت بنوسه‌

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .