پاڵپشتیکردنی کەمینە بۆ سازشکردن بە زۆرینە

شلۆمۆ نکدیمۆن نوسەری ئیسرائیلی لە کتێبی داڕمانی ئومێدی ئیسرائیلی و کوردەکاندا، گفتووگۆی نێوان کارمەندێکی مۆساد و کارمەندێکی ساواک دەگێڕێتەوە کە لەدوای پشتکردنی ئێران لە شۆڕشی مەلا مستەفای بارزانی دێت، لەوێدا دەڵێت:
لەوکاتەی ڕێککەوتنامەی جەزائیر لەسەر پشتی کورد کرا و ئێران هەموو جۆرە هاوکاریەکی لەکوردەکان بڕی و مۆڵەتێکی کەمی پێدان بۆ جێهێشتنی خاکی عێراق، بەرپرسێکی دەزگای مۆساد بە سەر سوڕمانەوە بە بەرپرسێکی گەورەی ساواک دەڵێت چۆن پشتتان کردە کوردەکان؟
بەرپرسەکەی ساواکیش پێی دەڵێت: لاوازی ئیسرائیل ئەوەیە سۆز و عاتیفە تێکەڵ بە سیاسەت دەکات، یارمەتیدانی کەمینە نابێ وەک ئامانج سەیر بکرێت، بەڵکو هۆکارێکە بۆ سازشکردن بە زۆرینە، هەروەها دەڵێت ئێوە لە بەریتانیاوە فێری بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆریەت نەبوون، دەبێت لەگەڵ کوردەکان وەک بەکرێگیراو مامەڵە بکەیت، کاتێک ئەرکەکەی تەواو دەبێت، چیرۆکەکەیشی تەواو دەبێت.

سیاسەتی پاڵپشتی کردنی کەمینە بۆ سازشکردن بەزۆرینە لەمێژە بەکارهاتوە لە جیهاندا، کوردیش بەشی خۆی بەزیادەوە زیانمەندی ئەم سیاسەتکردنە بووە، هەتا ئێستاشی پێوەبێت حیزبەکان ئەو سیاسەتە بەرانبەر یەکتری بەکار دێنن، ئێمەی کورد کە له مێژووی گەلەکەمان بێ ئاگاین ئاساییە سەرسام بین بە مێژوو یان کەسایەتی بێگانە، زلهێزەکانی جیهان لە دێر زەمانەوە کوردیان وەک چەکێک بۆ دەستکەوتی خۆیان بەکار هێناوە، ئێستاشی لەگەڵ بێت تورکیا و ئێران و عێراق و ئەمریکا هەمان شتمان بەرانبەر دەکەن لە ڕێگەی عەمیلەکانیانەوە.
کاتێک شای ئێران پاڵپشتی شۆڕشی کوردی دەکرد بۆ ئەوەی سازش بەعێراق بکات، کاتێکیش زانی عێراق ئامادەیە شتل عەرەبی تسلیم بکات، ڕێککەوتنامەی جەزائیری لەگەڵ سەدام حسێن واژۆ کردو وازی لە پاڵپشتی شۆڕشی کوردەکان هێناو بوو بەهۆی لەناوبردنی شۆڕشەکە.

ئێمەی کورد لەنەبونی دەزگای ستراتیژی نیشتیمانی و دەزگای ئەمنی و ئاسایش و پێشمەرگەی نیشتیمانی و سەرکردەی نیشتیمانیدا، بوین بە کارتێک بۆ وڵاتانی دراوسێ تا بەکەیفی خۆیان بەکارمان بهێنن، ئێستاش کە مستەفا کازمی هاتۆتە کوردستان خەڵکی پەیتا پەیتا هانای بۆ دەبەن، ئەوەش لە ئەنجامی شکستی دەسەڵاتدارانی کوردەوە سەرچاوەی گرتوە، بەڵام دەبێ بزانین ئەوەی لە لاوازیشدا وەری دەگرین ئەکرێت لە بەهێزیدا لێمانی بسێننەوە، ئێستا کازمی پێویستی بە کوردە وەک کوتلەیەکی بەهێزی پەرلەمانی، وە ئەیەوێت هەرچۆن بێت پاڵپشتی کورد بەدەست بهێنیت و پێگەی خۆی بەهێزتر بکات لە عێراقدا، هەرچەندە خاکی شیعەکان بەروبومێکی جیاوازی بۆ کورد نەبووە و پێناچێت هەشی بێت، هیواداریشم ئەم سەردانە یاریەکی دیکە نەبێت بۆ سازشکردن بە زۆرینەیەکی تر لە عێراق!
بەهیوام ئەم سەردانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ببێتە هۆی بەخۆداچونەوەیەکی جدی و خێرای دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بیرێک لە داهاتوی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بکەنەوە، کە تەواو بێزارو ماندوو بوون لە دەستیان.
لەکۆتایدا دەبێت ئەوە بڵێین و بزانین کە گەلی کورد، کورت نەبوەتەوە لە حیزبە سیاسیەکانیدا.

ئەمیر مام والی

 122 `بینراوه‌

كۆمینت بنوسه‌