
kgn
.
ئەمە کەلتوورێکی بێزراوی کۆنی زەمەنی خان و دەرەبەگایەتی و عەشرەت و خۆدەرخستنە، کە لەگەڵ کاتتدا کەمێک گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، وەلێ ئێستاش بۆ ھەمان ئامانج و لێکدانەوە لە چوارچێوەی شاردا برەوی پێدراوە.
لێرەدا گرفتەکە ئەوەیە کە ڕەفتار و بوونی ترادیسیۆنێکی ئاوا، کاریگەریەکی ھێجگار خراپ لەسەر پەروەردەی منداڵەکانمان دادەنێ.
بەشێکی ئەم دیاردەیە ڕەنگە نیەتێکی جوانی لەپشتەوە بووبێ کە مەبەست لێی میوانداری و خزمەتکردنی ئەوانی دییە کە ئەمە دیاردەیەکی جوانە لەنێو کەلتووری ئێمەدا، بەڵام ئەو خۆنواندن و برەودانە بەژووری میوانەوە، تا جارێک بۆ نیەتی ھاوکاریی و خزمەتی ئەوانی دییە دەیانجار بۆ خۆنواندنە و خۆپێشاندانە، تا دەبێتە ھۆکاری لەبیرکردن و پشگوێخستنی ژیانی خودی خێزان و پەروەردەیەکی گونجاو بۆ منداڵەکان.
كەس لاری لە ڕێزگرتنی میوان و میواندۆستی نییە، لێرەدا پرسەکە ناڕاستەوخۆ گەورەکردن و بەیاخەدانێکی ھێجگار زیادەڕۆییە بە ئەوانی دیکە لەچاو ئەندامەکانی خێزانەکەی خۆتەوە.
خەڵکی ھەن و ھەبوون خۆیان لەسەر ژوورێکی میوان قەرزدار کردووە! بێھێننە بیری خۆتانەوە، ئەوە چ ماڵوێرانیەکە؟!
بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی گونجاو بە منداڵەکەت بگەێنیت، پێویستە پێش ھەرشتێک ئاستی لەسەرقاچوەستان و باوەڕبەخۆبوون و توانا و بایەخی خۆی بەرزبێ.
وەلێ تۆ ھەر لە سەرەتای بوونییەوە دێیت ژوورێکی میوانی لە ماڵەکەدا پێشان دەدەیت و پێی دەڵێیت:
ئەمە شایەنی تۆ نییە، ئەمە بۆ ئەوانی ترە، تۆ ئەم شوێنە تێک دەدەیت، پیسی دەکەیت، تۆ ناگەیتە ئاستی بەھای میوانەکان!
بەمە تۆ ھەستی بچووک بوون و خۆبەکەمزانی بۆ منداڵەکەت دروست دەکەیت، جا خۆت ئەمەت دەوێ یاننا، ئەوە وەکو تۆێک لەناخی منداڵدا دەچێندرێ و ڕۆژ دوای ڕۆژ گەورەتر دەبێ.
ئاخر نابێ ههرچی خواردن و بهتانی و دۆشهكی باشه بۆ میوانی دانێیت و بۆ منداڵ و خێزانی خۆت کەلوپەلە ئاست نزمترەکان بەکاربێنیت.
ئاھا بەھای منداڵ لێرهوه و ههر سەرەتا دهشكێندرێت، منداڵ زۆربەی کەسەکانی دهرهوهی خێزانهكهی خۆی بهسهردا گەورە دهکرێ.
ههربۆیهش دواتر زۆربەی کەسەکانی دەووری خۆی لا گەورەتر و بەبەھاترن، ئاواش ھەوێنی بوون بە کۆیلەی ئایدۆلۆژیایەکی ھێندە تێدا زۆرە و ئاسان دەبێتە قووربانی ژێر چەپۆکی ئەوانی دی.
دەی بۆیە ژووری میوان پێویسته لهو كهلتورهدا تووڕبدرێ، دهبێ كه میوان كاڵایهكی خراپتریشی له ئهندامانی خێزان پێ نهدرێ، لانی كهم نابێ لە ھی ئەوان باشتر بێ.
دهبێ منداڵمان فێربکرێن قهدری خۆیان بزانن، بەھای خۆیان لا گرنگ بێ، منداڵمان كهرامهت و بەھای خۆیان لەمنداڵییەوە بنیادبنێن، تا دواتر ھەر تاکێک لهسەر پاراستنی ئهو كهرامهتهی دهست بۆ نێو قوڕگی شێر ببا.
نەک وەکو ئەوەی ئێستا دەیبینین، ڕۆژ دوای ڕۆژ کەرامەتی بشکێندرێ!
لەبری لەپێناوی پاراستنی بەھا و کەرامەتیدا لەسەر قاچەکانی خۆی بوەسێ و پڕ بەقوڕگی ھاواربکا، دێ لەپێشی کامێرایەک دەگری و دەڵێ: پارەم پێ نییە.
تێبینی: ژووری میوانم لەو فۆڕمەدا جاری تریش باسکردووە، وەکو دیاردەیەکی خراپ کە ئاسان دێتە پێش چاوان و وێنادەکرێ، دەنا لەنێو کەلتووری ئێمەدا زۆر دیاردە و شتی دیکەمان ھەن، کە ھەمان ڕۆڵی ژووری میوان بۆ پەروەردەیەکی خراپ دەگێڕن.