قاسم سولەیمانی ئاسا

قاسم سولەیمانی ئاسا

هۆزان شەریفی

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران. فەیلەقی قودس فەیلەقێکی سەربازی و نیمچە سیاسی دامەزراوە تا هەژموونی ئێران و شۆڕشی ئیسلامی بەرەو وڵاتانی ناوچەکە هەناردە بکات و بیانچەسپێنێت. لە پاش دەست بەکار بوونی قاسم سولەیمانی وەک فەرماندەی فەیلەقەکە، هەژموونی ئێرانی-شیعە لە ناوچەکە تا دەهات ڕوو لە هەڵکشان بوو. گەرچی سولەیمانی فەرماندەیەکی سەربازی بوو وەلێ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بەتایبەت لە وڵاتانی عێراق، سوریا، یەمەن، ئەفغانستان و لوبنان لە لایەن ئەو بڕیای لێ دەدرا.

لێهاتووی قاسم سولەیمانی و بەهێزبوونی ئێران لە ماوەی بوونی ئەو ژەنەڕاڵەدا نەیارانی ئێران بەتایبەت ئەمریکای بێزارکردبوو. هەمیشە وەک لەمپەڕێک لە پێش سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵات دەبینرا. ململانێکانی سولەیمانی لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام بوون تا بەرەبەیانی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠. لە هێرشێکدا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد سولەیمانی و پۆلێک لە یاوەرانی بە گورزی فڕۆکەکانی ئەمریکا کوژران. کاردانەوەکانی دوای کوژرانی سولەیمانی جیاواز بوون، کاردانەوەکانی ئێران لە هەمبەر کوشتنی سولەیمانی لە ئاست ئەو چاوەڕوانییە نەبوون کە چاوەڕێ دەکران. نزیک ساڵێک بەسەر کوشتنی سولەیمانی تێپەڕدەبێت و ئێران لە هەڕەشەت تۆڵە سەندنەوەیەتی.

سولەیمانی کردەکانی دوژمنکارانە و بە زەبر و زەنگ بوون، یەکێک لە هەڵسوڕێنەرانی شەڕی سوریا و یەمەن بوو لەم دواییانە. تۆمەتباری چەندین کردەی تیرۆرستی بوو لە ناوچەکە دیارترینیان تیرۆرکردنی ڕەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنانە. مرۆڤێکی کەم دوو، لەسەرخۆ و سامناک بوو. یار و نەیاری دانی بە تواناکانی سولەیمانیدا دەنێت. بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی ئەمریکا سولەیمانیان وەک دوژمنێکی شایستە بە خۆیان ناوزەند کردووە. زلهێزترین وڵاتی دونیا لەگەڵ سیاسەت و توانای سولەیمانی دەستەوئەژنۆ بوو، تا کۆتا هەڵبژاردەی تاقیکردەوە کە کوشتنی بوو.

گەرچی لای زۆرینە سولەیمانی وەک دوژمن تەماشا دەکرێت بەڵام کۆمەڵە سیفاتێکی سولەیمانی پێماندەڵێت، وەک کورد پێویستمان بە کەسانی سولەیمانی ئاسایە ! دەگمەنن ئەو فەرماندە و سەرکردانەی هاوشێوەی سولەیمانی خۆ نەویست و بەرگریکاری بیر و باوەڕیان بن. لە پێناو سەرخستنی بەرنامە و ئایدۆلۆجیاکەی گیانبازی لەگەڵ زلهێزانی دونیا بکات. سولەیمانی ئامادە نەبووە سازش لەسەر دەستکەوت و پەرەسەندنی هەژموونی وڵاتەکەی و بیر و باوەڕەکەی بکات، ڕەنگە کوردیش یەکێک لە زیانمەندانی ئەم سیفاتانەی سولەیمانی بێت. لە نێو سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی کورد هاوشێوەی سولەیمانی شەڕ بۆ سەرخستنی دۆزی وڵات و نەتەوەکەی بدات بێ وچان. بۆیە دەکرێ سولەیمانی ئاسا سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان بە خۆ نەویستی و ئازایەتی بڕیاردان و بەرگری کردن لە بیر و باوەڕ و خۆ نەدۆڕاندنیان لە هەمبەر سەرمایە، کار بۆ سەرخستمی دۆزی کورد بکەن.

 118 `بینراوه‌

كۆمینت بنوسه‌