فریادڕەسەكەی عێڕاق كێیە ؟

” مستەفا كازمــــی “
- ناوی تەواوی ” مصطفی عبد اللطیف مشتت الغریباوي “ـە ، لە ساڵی ( ١٩٦٧ ) له بەغداد لەدایك بووە .
- بنەچەی بنەماڵەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ باشووری عێڕاق و بۆ قەزای ( الشطرة ) لە پارێزگای ” ذى قار یان ناصریە”.
- ئەو كۆلێژی یاسای لە بەغداد خوێندووە ، پاشان بە هۆی چالاكی سیاسییەوە كە ئەندامی ” حزبی دەعوەی ئیسلامی” بووە ، ناچار دەبێت ساڵی ( ١٩٨٥ ) لە رێگەی كوردستانەوە بچێتە دەرەوەی عێڕاق ، سەرەتا دەچێتە ئەڵمانیا و پاشانیش دەچێتە بەریتانیا دەژی ، لەوێ زیاتر خەریكی كاری سیاسی دەبێت و نازناوی ” كازمی” بۆ خۆی ھەڵدەبژێرێت و لە بەریتانیا خەریكی كاری رۆژنامەنووسی دەبێت و دەبێتە بەرپرسی بەشی عێڕاقی سایتی “مۆنیتۆری ئەمریكی” ، پاش ڕووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ( ٢٠٠٣ ) دەگەڕێتەوە بۆ عێڕاق و دووبارە لەگەڵ حزبی دەعوە كار دەكات .
- بنەماڵەی كازمی بنەماڵەیەكی سیاسین ، عەبدول لەتیفی باوكی چالاكوانێكی سیاسی بووە و نوێنەری حزبی ” وطنی الدیمقراطی” كامیل جادرجی بووە لە قەزای شەترە ، بەڵام ساڵی ( ١٩٦٣ ) قەزای شەترە بەجێدەهێڵێت و دێتە بەغداد لەوێ لە هێڵی شەمەندەفەری بەغداد كار دەكات .
- عمادی برا گەورەی ساڵی ( ١٩٨٣ ) لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە دەستگیر دەكرێت ، ئەوەش لەبەرئەوەی هاوڕێی ” محەمەد باقر حەكیم” سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی بووە ، سێ ساڵ زیندانی دەكرێت و دواتریش بەر لێبووردنی گشتی دەكەوێت و ئازاد دەكرێت ، لە پاش ڕووخانی رژێمی بەعس ، دەبێتە ڕاوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێڕاق ، بەڵام لە ساڵی ( ٢٠١٣ ) لە لایەن چەتەكانی داعشەوە لە شەقامی ” حەیفا” لە بەغداد ، تەقەی لێدەكرێت و ئیفلیج دەكرێت .
- گەرچی سەباحی برا گەورەشی دكتۆرای لە ئەندازیاری هەیە ، بەڵام راوێژكاری حەیدر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بووە .
- مستەفا كازمی كچی “مهدی العلاق” دەهێنێت كە یەكێكە لە سەركردەكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی . ئەمانەش هەموو ڕۆڵیان هەبووە لە پێشخستنی كاروانی سیاسی ئەم پیاوە.
- ڕاستە مستەفا كازمی كۆلێژی یاسای تەواو كردووە ، بەڵام حەزێكی گەورەی بۆ رۆژنامەگەری هەبووە ، چ لە دەرەوەی عێراق و چ كاتێك گەڕاوەتەوە ، كاری ڕۆژنامەگەری كردووە ، لە شاری لەندەن دەبێتە بەڕێوبەری دەزگای ” الحوار الإنسانی ” كە لە لایەن ” حسین الصدر” دامەرزاوە ، ئامانجی سەرەكی ئەم دەزگایەش دروستكردنی دیالۆگ لە نێوان تایفەكان و دژایەتیكردنی توندوتیژی و بڵاوكردنەوەی چەمكی ئاشتیخوازیی و لێبوردەیی بووە .
- پاش ڕووخانی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەغداد و دەزگای “الذاكرە العراقیة” دروست دەكات كە كاری لەسەر قووربانیانی ڕژێمی بەعس كردووە و ویستوویەتی تاوانەكانی ڕژێمی بەعس بە ئەرشیف بكات ، ئەوەش لە ڕێگەی فیلمی دۆكیۆمێنتاری و چاوپێكەوتن لەگەڵ قووربانیانی دەستی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو .
- ساڵی ( ٢٠٠٧ ) دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری ” الاسبوعیة” كە سەر بەدەزگای خەندان بووە لە سلێمانی.
- خاوەنی كۆمەڵێك كتێبە كە ئەوانیش :
• مسألة العراق.
• انشغالات إسلامیة.
• علي بن أبی طالب الإمام والإنسان
• المصالحة بین الماضی والمستقبل.
- لە پڕێكدا لە ساڵی ( ٢٠١٦ ) حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ، مستەفا كازمی كردە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق، ئەمەش بووە مایەی سەرنجی لایەنە شیعەكان ، چونكە تا ئەوكاتە كازمی لەم بوارەدا نەناسراو بوو . هەروەها لە گەرمەی جەنگی داعش بوو ، لە ڕاستیشدا بەهاتنە سەركاری مستەفا كازمی ، دووبارە ڕۆڵی ئەم دەزگایە لە جەنگ دژ بە داعش بەهێزتربوو . لێرەشەوە پلەكانی گەیشتن بە دەسەڵات بۆ مستەفا كازمی دەستی پێكرد .
- دروستبوونی خۆپیشاندان و دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و ناكۆكی لایەنە شیعەكان، هەموو ئەمانە لە خزمەتی كازمیدا بوون ، تا دواجار هەموویان لەسەر كازمی رێككەوتن و رۆژی ( ٧ـی ئایار ) بە دەنگی ( ٢٦٦ ) ئەندام پەرلەمان متمانە بە كازمی بەخشرا و بوو بە سەرۆك وەزیرانی عێڕاق .
- لەو ڕۆژەوەی چووەتە سەر كورسی دەسەڵات ، بەرنامەی كابینەكەی خۆی كە لە ( ٦ ) لاپەڕە پێكهاتووه ، پێشكەشی پەرلەمان كردووه و بەتێپەڕبوونی كات ھەوڵی جێبەجێ كردنی بڕگە بە بڕگەی ماددەكانی بەرنامەكەی دەدات .
” ھــــــەوراز نـــــورالدین “
1,026 `بینراوه
كۆمینت بنوسه