
سوپای تورک ناهێندرێت، خۆی دێت
پێویستە یەخەی ئەمریکا بگیرێت
لە ناو هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە لە لیبیا و سووریا و عێراق لە بەرەی دژ بە تورکیادان، عێراق لاوازتریانە و لەویش لاوازتر هەرێمی کوردستان و حزبەکانێتی.
بە درێژایی مێژووی کۆماری تورک هیچ لایەن و دەوڵەتێک بانگهێشتنامەی بۆ سوپای تورک نەناردووە، بەڵکو دەوڵەتی تورک بێ ویست و داخوازی لایەنەکانی بەرامبەر و بەتۆپزی سوپای بۆ دەرەوەی سنوور ناردووە و دەنێرێت.
تورکیا لە ١٩٨٣وە سنوور دەبەزێنێت و تا ئێستا زیاد لە ٣٠ جار هێرشی گەورەی کردووەتە سەر باشوور، بەڵام هیچ جارێک دەستکەوتی نەبووە و ئەمجارەیش نایبێت. لە ڕاستیشدا ئەردۆگان چاوی لە دەستکەوتی سەربازی نییە، بەڵکو بە دوای دەستکەوتی سیاسییەوەیە و پێویستی بە شەڕ و پەشێوییە بۆ مسۆگەرکردنی دەسەڵاتەکەی کە لەوەیشدا زۆر پێویستی بە پشتیوانیی و درێژەپێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی ڕەگەزپەرستی مەهەپە هەیە و دۆخەکەیش تەواو بەپێی ویست و داخوازی ئەو پارتە و جەماوەرەکەیەتی.
ڕاستییەکی تریش ئەوەیە کە تورکیا/ئەردۆگان بێ پشتیوانیی ئەمریکا ناتوانێت لە دەرەوەی سنوور جووڵە بکات، بۆیە ئەوەی لە سووریا و لیبیا دەیکات، بە ڕەزامەندیی ئەمریکایە بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی هێز لە بەرامبەر ڕووسیا لەو دوو وڵاتە. لە باشووریش جووڵەکانی تورکیا هەر بە ڕەزامەندیی ئەمریکایە و بۆ چاوسوورکردنەوەیە لە ئێران و گرووپە شیعییە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران.
دەرکردنی بەیان و داواکردن لە تورکیا بۆ ڕێزگرتن لە سنوور زمانێکە دەوڵەتی تورک لێی تێ ناگات. چارەسەر ئەوەیە لایەنەکانی کوردستان هەوڵ بدەن بە یەکگرتوویی لە ڕێی ئەمریکاوە پەیام بۆ تورکیا بنێرن!
بەکر شوانی