
لاوان عوسمان
kgn
دوێنێ شەو بەرواری ٦ لەسەر ٧ ی مانگی ٧ ی ساڵی ٢٠٢٠ جارێکی تر ویژدانی ھەموو خاوەن ویژدانێک لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بە بیستنی ھەواڵی تیرۆرکردنی د. ھوشام ئەلھاشمیی شارەزای بواری ئەمنیی و شیکەرەوی سیاسیی بەدەستی چەند چەکدارێکی نەناوسراو و لەبەردەم ماڵە خۆیدا لە ناوچەی زەیونەی ناوەراستی بەغدا راچڵەکی!
گرنگە کە لە خۆمان بپرسین: بۆچی د. ھوشام تیرۆر کرا؟ ھوشام ئەلھاشمیی جیا لەوەی کە شیکەرەوەیەکی سیاسیی دیار بوو لە ھەمانکاتدا شارەزاییەکی باشیشی دەربارەی سرووشت و ئەصڵ و فەصڵی ھەموو ئەو گرووپ و ھێزە میلیشیاییانە ھەبوو کە لە عێراقدا ھەن. وەک دەڵێن: ھەموو کەبیرە و صەغیرەیەکی دەربارەیان دەزانی.
ئەو پیاوە وەک سندوقێکی گەورەی پڕ راز و نیاز وابوو، چونکە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووەوە بە بەردەوام خەریکی کاری سیاسیی بووە و ھەمیشە رۆڵێکی ئامۆژگارییکەرانە و راوێژکارانەی بینیوە بۆ ھەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان لەعێراقدا.
د. ھوشام لەم دواییانەدا بریاری دابوو کە ھاوپێچ لەگەڵ پەردەھەڵماڵین لەسەر نەزانراوەکانی ناو مەلەفی کوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراق پەردە لەسەر زۆر نھێنیی تریش ھەڵبماڵێت کە ئەمە بە زیانی زۆر لایەنی سیاسیی دەشکایەوە. ھوشام ئەلھاشمیی بێجگە لەوەی لەناوەوەی وڵاتدا گوێی لێ دەگیرا لەھەمان کاتدا بۆچوونەکانی دەربارەی ژینگەی سیاسیی لە عێراقدا بۆ رایگشتیی جیھانیی جێی بایەخ بوو.
ئەو پیاوە ماوەیەکی کەم بەر لە تیرۆرکردنی لێکۆڵینەوەیەکی بەپێزی لەژێر ناونیشانی(الخلاف الداخلي في هيئة الحشد الشعبي- ناکۆکیی ناوخۆی دەستەی حەشدی شەعبیی) ئامادەکردبوو و تێیدا زۆر وردەکاریی زانراو و نەزانراوی درکاندبوو.
گەر لە خۆمان بپرسین: کێ بەرپرسە لە کوشتنی دکتۆر ھوشام؟ ئەوا دەبێت بەر لە ئاماژەکردن بە لایەنی جێبەجێکەر دان بەو راستییەدا بنێین کە حکومەتە یەک لەدوای یەکە لاوازەکانی عێراقی نوێ و حکومەتی کاظمیی بەرپرسی سەرەکیین چونکە لاوازیی ئەوانە کە ژینگەیەکی لەباری درووستکردووە بۆ گەشەکردنی گرووپگەلی میلیشیایی و مافیایی، چما پێچەوانەی مەفھومی ‘الدولة – دەوڵەت’ ھەر ‘اللادولة – نەبوونی دەوڵەت’ نییە؟ دەی دۆخی ئێستای عێراق دۆخی ‘ نەبوونی دەوڵەت’ە.
لێ گەر بێینە سەر باسی ئەوەی کە بڵێین کێ بکەر و جێبەجێکەری تاوانەکەیە ئەوا ھەموو چاو و ئاماژەکان رووەو ‘ حزب الله’ ی عێراقیین بەوپێیەی ئەو لایەنە پێشتر بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ھەرەشەی کوشتنیان لە د. ھوشام کردووە، بەرێگەی نامە و پەیام تا سنوورێک کە بەراستەوخۆ کەسێکی دیاری ناو ئەو لایەنه پێیگوت:(قسماً بالله سأقتلك في منزلك-سوێند بەخودا لەماڵە خۆتدا دەتکوژم). بەڵگەی ھەرەشەکردنەکەش دۆکیومێنت کراوە. لەوەش بگوزەرێت دیارییکردنی لایەنی تێوەگلاو لەکردەیەکی وەک ئەمەدا مەتەڵێکی ھێندە قورس نییە کە کەس نەیزانێت، بەڵکو ھەر ئەوەندە بەسە کە بروانین و بزانین کێ بە کردەکە دڵخۆشە؟!!
زۆر گرنگە کە ئێمە لەخۆمان بپرسین: بۆچی تیرۆرکردن؟ لە حاڵەتێکی وادا تەفسیری عەقڵانیی ئەمەیە: (کاتێک بەرەی تاریکیی و دوور لە عەقڵانییەت و بنەماکانی دیموکراسیی و مافەکانی مرۆڤ، دەستەوسان دەبێت لەبەرامبەر تاکێکی خاوەن ھزر و مەبدەئدا، تاکێک کە ھەرەشە و ترساندن نەیوەستێنێت و بێدەنگی نەکات تاکە چارەسەری بەرەی تاریکیی بێدەنگکردنی ھەتاھەتایی ئەو تاکەیە).
لەسەر ئەم باسە قسە زۆرە لێ ئێمە کەمێکیمان گوت!