
ڕۆژنامەی “یەنی شەفەق” مانشێتی سەرەکیی ژمارەی دوێنێی تەرخان کردووە بۆ هەوڵەکانی لەیەک نزیکبوونەوەی لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەواڵەکەی بە مانشێتی درشتی “بارزانی لەگەڵ پەکەکە ڕێک کەوت” بڵاو کردووەتەوە.
وەک دەزانرێت، تورکیا، پەیەدە بە بەشێک لە پەکەکە و ئەنەکەسەیش بە بەشێک لە پارتی دادەنێت، بۆیە هەواڵەکە بەو مانشێتە ڕاگەیەندراوە.
لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووە کە پارتەکانی هەردوو بەرەی کوردانی ڕۆژئاوا بە ناوبژیی ئەمریکا و فەرەنسا ڕێککەوتنیان کردووە و ئەمریکا لە سووریا ڕێ بۆ بە دەوڵەتبوونی پەکەکە خۆش دەکات.
داڕشتنی ئەو هەواڵە بەو شێوەیە و بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی ئۆرگانی ئاکەپەدا دەشێت بەڵگە بێت بۆ دەربڕینی ترسی ئەنقەرە لە هەر هەنگاوێکی کورد بەرەو یەکگرتوویی و تەبایی و لەوانەیە هەر ئەوەیش یەکێک بێت لە هۆکارەکانی هێرشی ئەمجارەی سوپای تورک بۆ سەر باشوور.
یەکگرتوویی چەکێکی زۆر کاریگەرە، بەڵام بەمەرجێک ئەگەر کورد بخوازێت بەکاری بهێنێت!
