
حکومەتی هەرێم چۆن پاشکەوتی مووچە بداتەوە
مافپەروەرێک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پێشنیارێکی نوسیووە بۆ حکومەتی هەرێم سەبارەت بە شێوازی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران.
بەهجەت ئەحمەد پێشنیاری کردوە بۆ حکومەتی هەرێم، لەبری پاشەکەوت حکومەت زەوی نیشتەجێ بوون بدات بە فەرمانبەران لە سنوری شوێنی کار کردنی بێ بەرامبەر.
هەروەها دەڵێت، حکومەت مۆڵەتی ئەو پڕۆژانە هەڵوەشێنێتەوە کە دراون بە کۆمپانیاکان و تا ئێستا دەست بەکار نەبوون، زەویەکەی دابەش بکات بەسەر فەرمانبەران بی بەرامبەر، هەروەها نوسیوێتی، ئەگەر ئەو پڕۆژانە نەبوو یاخود بەشی نەکرد، حکومەت زەوی افراز بکات بیدات بەمووچە خۆرانی لە بری پاشەکەوتی مووچە.
بە بۆچوونی ناوبراو ئەم کارە دوو سوودی دەبێت، یەکەم حکومەت لە بڕێکی زۆری قەرز ڕزگاری دەبێت بە نرخێکی کەم، دووەم فەرمانبەر دەتوانێت سوود لەو زەویە وەربگرێت و لە داهاتوو، بە فرۆشتن بێت یاخود بکرێتە خانووی نیشتەجێ بوون.
دەقی نوسینەکە
حکومەت چۆن بتوانی پاشەکەوتی مووچەی کارمەندەکانی بداتەوە
حکومەتی هەرێم چەندین جار لەسەر زاری بەرپرسەکانیەوە ڕایگەیاندووە قەرزارە و دۆخی دارایی خراپە، بەشێکی زۆری ئەو قەرزە مووچەی پاشەکەوت کراوە، کە هیچ فەرمانبەرێک ئومێدی نیە وەری بگرێتەوە.
وەک هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە پێشنیار دەکەم حکومەت بۆ دانەوەی ئەو قەرزە دوو بڕیار بدات:
١- هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەو پرۆژانەی نیشتەجێ بوون کە کۆمپانیاکان دەست بەکار نەبوون تێدا و زەوی کراوە بە ناویانەوە، ئەو زەویانە افراز بکرێت و دابەش بکرێت بەسەر مووچە خۆران بێ بەرامبەر لە بری ئەو پاشەکەوتی کە هەیانە لای حکومەت.
٢- لەکاتی نەبوونی لەو جۆرە پرۆژانەی بڕگەی یەک، حکومەت زەوی اطفا بکات و پاش افراز کردنی دابەشی بکات بەسەر مووچە خۆرانی لە بەرامبەر بڕی پاشەکەوتەکەیان کە لای حکومەتە، هەر فەرمانبەرێک لە سنوری جێگای کارەکەی.
بەم شێوەیە حکومەت دەتوانێت بڕێکی گەورەی قەرزەکانی خۆی بسڕێتەوە، هەروەها فەرمانبەریش ببێتە خاوەنی پارچە زەویەک کە لە داهاتوو بتوانێت سوودی لێ وەربگرێت.