“سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی هەموو کارەکانی فرۆکەخانەکان لەلایەن فەرمانبەرانی فیدراڵییەوە دەبێت” 

 

 

KGN – NEWS

حكومەتی عیراق رایگەیاند هەرێم و بەغدا رێككەوتون و كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمیش یەكلابۆتەوەو بەمنزیكانە رادەگەیەنرێت و مووچەی تەندروستی و پەروەردەش دابەشدەكرێت. 

سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عیراق ئەمڕۆ 12ی ئاداری 2018، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەنێوان هەرێم و بەغدا رێككەوتن كراوەو بەمنزیكانەیش فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی بەڕووی گەیشتە نێودەوڵەتییەكاندا دەكرێنەوە.

حەدیسی راشیگەیاند: كۆبوونەوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەكان یەكلابۆتەوەو لەرۆژانێكی نزیكدا كردنەوەی فڕۆكەخانەكاندا بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا رادەگەیەنرێت و بەپێی رێككەوتنەكەش سەرپەرشتیكردن و چاودێریكردن و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكانیش لەژێر دەسەڵاتی فیدراڵی دەبێت.

ئەوەشی خستۆتەڕوو كە كردنەوەی فڕۆكەخانەكان دوای تەواوكردنی رێوشوێنەكان دەبێت لەلایەن فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵییەوە لە رۆژانی داهاتوودا، وتیشی: كارەكانی سەرپەرشتیكردن و چاودێریكردن و دۆسیەی گومرگ و پاسپۆرت و هاتووچۆو ئاسایش لەلایەن فەرمانبەرانی فیدراڵییەوە دەبێت. 

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانیشەوە، ئاشكرایكردوە: كاركردن و گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم لەبارەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە بەردەوامە، تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە مووچەی تەندروستی و پەروەردە لەنزیكترین كاتدا دابەشدەكرێت.

 وتەبێژی حكومەتی عیراق لەبارەی دواخستنی پرسی نەوت و دەروازەی فیشخاپوریش بۆ دوای هەڵبژاردنەكان، دەڵێت: لەئێستادا كار بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسییەی دەروازە سنوری و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.