“هیچ بڕێك بۆ بودجەی هەرێم زیاد نەكراوە”

 

 

KGN – NEWS

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق پێی وایە بەستنەوەی لقەكانی بانكی ناوەندی لە هەرێم، كاریگەری ئابوری گەورە لەسەر كوردستان دانانێت، هاوكات رەتیشیدەكاتەوە هیچ بڕە داهاتێك بۆ بودجەی هەرێم زیاد كرابێت.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق لە هەولێرە و ئامانجی سەردانەكەشی بۆ كاراكردنەوە و بەستنەوەی لقەكانی بانكەكەیانە بە بانكەكانی دیكەی عیراق. 
 فازڵ نەبی بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عیراق لە بارەی كاریگەریەكانی بەستنەوەی لقەكانی بانكی ناوەندی لە هەرێم بە عیراقەوە بەڕادیۆی نەوای ڕاگەیاندووە: هیچ كاریگەریەكی گەورەی لەسەر ئابوری هەرێم نابێت، چونكە بانكی ناوەندی مامەڵە لەگەڵ كەسەكان و بازرگانەكان ناكات، بەڵكو تەنها مامەڵە لەگەڵ حكومەت دەكات، ئەویش لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عیراق مامەڵە دەكات نەك حكومەتی هەرێمەكان، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ بانكەكانیش هەیە، چونكە چاودێری هەموو بانكەكانی دیكە دەكات”.
هەروەها دەشڵێت:  ئەو بڕە پارەیەی لە بودجەی عیراق بۆ هەرێم دانراوە بەشی پێداویستیەكان ناكات. و رونیشیكردەوە، لە ساڵی 2013، ئەو كاتەی بریكاری وەزارەتی دارایی بووە، 13 ترلیۆن دیناری وەك بودجە بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا دیاری كراوە 6 ترلیۆن و نیوە و ئەوەشی كە دەوترێت بە زیادكردنی دوو ترلیۆن دینار بۆ بودجەی یەدەگ، پشكی هە رێم زیادی كردووە راست نییە.
رونیشی كردەوە، لە مادەیەك، كە باس لە بودجەی یەدەگ بۆ حاڵەتی لە ناكاو دەكات و بڕەكەی 196 ملیار دینارە، لە بەندی دووەمیدا سەرەتا دوو ترلیۆن و دواتر سێ ترلیۆن دیناری وەك یەدەگ دەبێت لەبەردەستی ئەنجومەنی وەزیران و دەتوانێت بۆ موچە بەكاریبهێنێت، ئەگەر ئەو بڕەی لە بودجە بۆی دانراوە بەشی نەكرد و كورتیهێنا، هەروەها بۆ تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی، پرۆژەكانی وەبەرهێنان و موچەی حەشدی شەعبی و چەند بوارێكی تر تەرخانكراوە، بۆیە ئەوەی كە دەوترێت ئەو بڕە بۆ هەرێم زیادكراوە دوورە لە راستیەوە و هیچ بنەمایەكی نییە.