“حكومەتی هەرێم نوێنەری راستەقینەی گەلی كوردستان نییە”

KGN – NEWS

پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، كە ئەوان پێیانوایە پارەیەكی زۆر لە هەرێمی كوردستانەوە دزراوە، بۆیە پێویستە حكومەتی ئیتیحادی گفتوگۆكان رابگرێت تا ئەوكاتەی ئەو پارانە بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێم.

فیردۆس عەوادی لە راگەیەندراوێكدا كە پێنج شەممە بڵاوكراوەتەوە نوسیویەتی “حكومەتی هەرێم نوێنەری راستەقینەی گەلی كوردستان نییە، گەلی كوردستان دژی سیاسەتی حكومەتی هەرێمە، پێویستە حكومەتی عێراق گفتوگۆ تەنها لەگەڵ نوێنەری راستەقینەی خەڵك بكات و لەگەڵ ئەوانە دانەنیشێت كە پارە و سامانی گەلانی عێراقیان دزیوە”.

ئەو پەرلەمانتارە داوایشی لە حكومەتی عێراق كردووە، رێوشوێنی پێویست بگرێتەسەر بەرامبەر بەو كەسانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد لە ماوەی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان و پەرلەمانیش رۆڵی خۆی ببینێت لە لەكارخستنی حكومەتی هەرێمدا.