پەرلەمانی كوردستان یاسای خانەنشینی و مووچەی پەسەند كرد

 

 

KGN – NEWS

 

 

دوای پەسەندكردنی پرۆژە یاساكەو كۆتایی كۆبوونەوەی پەرلەمان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت ئاماژەیان بەناوەرۆكی یاسای چاكسازی لەمووچەو دەرماڵەی فەرمانبەران و خانەنشینی كرد.

لەسەرەتادا جەعفەر ئیمێنكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: یاساكە بەكۆی دەنگی تەواوی پەرلەمانتارانی سەرجەم فراكسیۆنەكان پەسەند كراوەو یاساكەش حكومەت بەهاوكاری لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان ئامادەی كردوە.

وتیشی: قسەی زۆر لەسەر یاساكە كراوە، بەڵام یاساكە رەچاوی بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستانی كردوە، بەتایبەت ئەوانەی دەناڵێنن بەوەی رەچاوی دادپەروەری نەكراوە.

هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، رێباز حەملان وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: یاساكە بۆ نەهێشتنی نادادپەروەرییەو ئەوانەی بەنایاسایی موچەیان بۆ بڕدراوەتەوە دەبڕدرێت، هەروەها ئەوانەی بەنایاسایی پلەیان بەرزكراوەتەوە دەگەڕێنرێتەوە شوێنی خۆی.

وتشی: ئەوانەی بەپلەی وەزیرو راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی و هەر پلەیەكی دیكەی تایبەت كراون و دەوامیان نەكردوە یان بەپێی مافی خۆی وەرینەگرتوە هەموو چارەسەركراوە.

ئەوەشی خستەڕوو كە لە یاساكەدا تایبەتمەندی دراوە بەكەسوكاری شەهیدان و پێداگری كراوە بەپێداوچوونەوە بەلیستی شەهیدان كە مافی راستەقینەی خۆیانە و جیاكردنەوەیان لەگەڵ ئەوانەی مردون و بەشەهید هەژماركراون، جگە لەوەش مافی زیندانیانی سیاسیش پێداگری تێدا كراوە، هەروەها خاوەن پێداویستیە تایبەتەكانیش مافی خۆیان پێدەدرێت.

وەزیری درایی هەرێم راشیگەیاند:مووچەی ئەو خانەنشینانەی لە 300 هەزار دینار كەمتر بووە كراوە بە 300 هەزار.

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ چاكسازی هەنگاوێكی گرنگی نا، ئەویش بەوەی بوو بە یاساو دەبێتە سەرەتایەكی گرنگ بۆ چاكسازی و  گرنگیشە پەرلەمان و دەزگا پەیوەندارەكانی چاودێری دارایی چاودێری جێبەجێكردنی یاساكە بكەن كە ماوەی 90 رۆژی بۆ دانراوەو لەلایەن حكومەتەوە رێنمایی بۆ دەردەچێت.

هەروەها د. عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان وتی: پەسەندكردنی یاساكە بۆ سەرجەم خانەنشیان كە لەهەرێمدا موچەی كەمیان وەردەگرت و ژمارەیان نزیكەی 80 هەزار گرنگە، چونكە موچەكانیان كراوە بە 300 هەزارو موچەی خانەنشینانی پلە باڵاكانیش كەمكرایەوە.

وتیشی: سەرجەم فراكسیۆنەكان و سەرجەم پەرلەمانتارەكان بە بەڵی دەنگیان بۆ كۆی ماددەكانی پرۆژە یاساكەداوەو ئەوانەشی زەرەرمەندی یاساكەن گەندەڵەكانە كە دوو مووچەیان هەیەو تائێستا وەریانگرتوەو لەمەودوا دەبێت بە موچەیەك و لەمەودوا قسە دەكات.

سەرۆكی لیژنەی دارایی راشیگەیاند: یاساكە دادپەروەری دەگەڕێنێتەوەو هەموو چین توێژەكان لێی سودمەند دەبن وئەوەشی بەنایاسایی كراوە لەرابردوودا چاكدەكرێتەوەو یاساكە.

ئەوەشی وت: لەیاساكەدا بەدەق نوسراوە كە دەبێت حكومەت 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشبكات.