“بەپێی بەرژەوەندی كورد و پارتی بڕیاری كۆتایی دەدەین بۆ هاوپەیمانی”

KGN – NEWS
پەرلەمانتارێكی پارتی زانیاری لە بارەی  پێکهێنانی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ لایەنێکی عێراقی ئاشكرا دەكات .
ئەردەڵان نورەدین پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ڕادیۆی نەوای راگەیاندووە: تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان  نەچووەتە هیچ هاوپەیمانییەك بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق و هیچ بڕیارێكیش لەوبارەیەوە نەدراوە.
لەبارەی لێدوانێكی جاسم محەمەد بەیاتی كە یەكێكە لەسەركردەكانی دەوڵەتی یاساو نزیكە لەحەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەكردووە، هەوڵ هەیە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی بەهێز لەعیراقداو گەڕانەوەی چەندكەسایەتییەك بۆ گۆڕەپانی سیاسی لەوانەش مەسعود بارزانی، پەرلەمانتارەكەی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت: پارتی دەرگای كراوەیە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكان و هەركاتیش پرسی هاوپەیمانی لەلایەن حزبەكەمانەوە بڕیاری كۆتایی لەبارەوەبدرێت، ئەوكات بەپێی بەرژەوەندی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری كۆتایی دەدەین، پارتی كێشەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان نییە و بۆچوونمان لەگەڵ هەرلایەنێكی سیاسی بێت هاوپەیمانی لەگەڵ دەكەین، ئەو لایەنە كورد بێت یان عەرەب سونە بێت یاخود شیعە.