عەبدولستار مەجید . . . داوایەك ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەكات

KGN – NEWS
عەبدولستار مەجید وەزیری دەستلەكاركێشاوەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەبارەی پەسندكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەیان، داوایەك ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات.
لەوبارەیەوە عەبدولستار مەجید لە رێی پەیجی خۆیەوە لە فەیسبوك نوسیویەتی “بڕیاری كشانەوەی ئێمە لە حكومەت كۆتاییهاتوە و هیواداریشین بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردستان رێز لەو بڕیارەمان بگرێت و دەستلەكاركێشانەوەكەمان پەسند بكات .
هەروەها جەختیكردۆتەوە، كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بڕیاری كشانەوەی لە حكومەت داوە و ئەو پرسە كۆتاییهاتوە.
وەزیری دەستلەكاركێشاوەی كشتوكاڵی هەرێم ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە، وەك تیمی پێشوی كۆمەڵ لە حكومەت، لە 26ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش بە حكومەتی هەرێم كردووە.
پێشتر بزوتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاندبو، كە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریان داوە تیمە وزارییەكەیان لە حكومەتی هەرێم بكشێننەوە، بەڵام رۆژی 7-1-2018 نێچیرڤان بارزانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە شاری سلێمانی وتی “تائێستا نامەی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان و كۆمەڵی پەسند نەكردوە .