ئەمریكا لەبارەی خۆپیشاندانەكانی هەرێمەوە هۆشداری دەدات

KGN – NEWS
بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان بەرپابون، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، هۆشداری بە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی دەدات ئاگاداری خۆیان بن.
باڵیۆزخانەكە لە بەیاننامەیەكدا، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-12 بڵاویكردۆتەوە، باس لەوەدەكات، خۆپیشاندانەكان لە هەرێمی كوردستان لە رۆژانی 18و 19ی ئەم مانگەدا بۆ توندوتیژی گۆڕاون، ئەوەش كوژران و برینداربونی لێكەوتۆتەوە، لە هەندێك ناوچەی دیكەی عیراقیش خۆپیشاندانی جیاواز رویانداوە، وەك ئەوانەی لە باشور سەریانهەڵداوە، هەربۆیە رەنگە هەر خۆپیشاندانێكی ئاشتیانە بەخێرایی بگۆڕێت بۆ توندوتیژی.
باڵیۆزخانەكە لەو روانگەیەوە داوا لە هاووڵاتیانی ئەمریكی لە عیراقدا دەكات، زیاتر ئاگایان لەخۆیان بێت و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە هەموو سات و شوێنێكدا لە عیراق.