روسیا دەستی بەهاوكاریكردنی یەپەگە كردووە

 

 

روسیا بەم دوایانە دەستی بەهاوكاریكردنی شەرڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە كردووەو بۆ ئەوەش ركابەری ئەمریكا دەكات.

پێگەی “خەبەر 24” روسیا بۆ سەرنجڕاكێشانی لایەنە كوردییەكان‌و یەپەگە بەلای خۆیدا دەستی بەهاوكاری شەرڤانان كردووەو بۆ ئەوەش هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە.

پێگەكە نوومەنی بەهاوكارییەكانی روسیا بۆ هێرشی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی پارێزگاری دێرزور هێناوەتەوەو رایگەیاندووە، بەشێوەیەك هاوكاری شەرڤانان دەكات، پێشتر هاوشێوەی نەبووە، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریكاوە.

ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەساڵی 2014وە هاوكاری شەرڤانی یەپەگە دەكات، ئەوەش بۆ شەڕی داعش لەناوچەكانی روژئاوای كوردستان باكووری سوریاو تائێستاش هاوكارییەكانیش بەردەوامە.

بەم دوایانەش روسیا دەستی بەهەماهەنگی‌و هاوكاری لەگەڵ یەپەگە كردووەو سەرەتای ئەم هەفتەیەش ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی لەگەڵ یەپەگە پێكهێنا، بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی دێرزور، كە بەدەست چەكدارانی داعشەوەیە.