kgn
بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، بە ئامانجى بەهێزکردنى پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكان و بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پڕۆژەی(TIGRIS) کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە و، بڕی نزیكەی یەك ملیۆن یۆرۆ-ش بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە تەرخان کراوە.
لهو چوارچێوهیهدا و، دوای ئەوەی (د. یوسف گۆران)، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ساڵى (٢٠١٥)دا بە سەردانێکى ڕەسمى لە شاری (گوتینگن)ی ئهڵمانیا لەگەڵ سەرۆک و جێگیری سەرۆک و لێپرسراوی پهیوهندییه دهرهكییهكانی زانكۆی (جۆرج ئۆگهست گوتینگن)ی ئهڵمانی و ڕاگری کۆلێژەکانی ئەو زانکۆیە کۆ بووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لهبارهی چۆنییهتیی پهرهپێدانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و چۆنییهتیی وهرگرتنی فهند و چۆنییهتیی سوودوهرگرتن له هاوكاریی یهكتری و پیشخستنی خوێندن له كوردستان کرد، ههر لەو کۆبونەوەیەدا پێشنیاز کرا زانکۆکانی ئاڵمانیا بە هاریکاریی زانکۆیەکی چیکی بەناوی (Masaryk University) و دامەزراوەیەکی ئیسپانی بە ناوی (Compostela Group of Universities) پڕۆژەیەک لە بواری دروستکردنی تواناکان/ کەپەستی بیلدینگ و ئینتەرناشناڵ لە چوارچێوەی پڕۆژەی (ئێراسموس پڵس) جێبەجێ بکەن و، لە مانگى ئابى ئەمساڵدا یەکێتیی ئەوروپا ڕەزامەندیی نیشان دا لەسەر خەرجکردنی تێچووی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
بۆ ئەو مەبەستە لە ڕۆژانی (٨ تا ١٠ی ١١-٢٠١٧) وەفدێکى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە پێک هاتبون لە (د. خەتاب شێخانى)، بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەت و، (د. پۆڵا خانەقا)، سەرۆكی دەستەی كوردستانی و، سەرۆکى زانکۆکانى (سلێمانی، سەڵاحەددین/هەولێر، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، چەرموو، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، پۆلیتەكنیكی هەولێر، پۆلیتەكنیكی دهۆك) لە زانکۆى (جۆرج ئۆگهست گوتینگن) لە شاری (گوتینگن)ی ئهڵمانیا بەشدارییان لە یەكەم كۆبوونەوەی پڕۆژەی (TIGRIS) کرد، کە بە هاوكاریی پرۆگرامی (+Erasmusی یەكێتیی ئەورووپا و زانكۆی (Gottingen)ی ئەڵمانی و چوار زانكۆی تری ئەوروپا، وەك پارتنەری ئەوروپی كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە یەكەم ڕۆژی كۆبوونەوەكەدا، کە تایبەت بوو بە مەراسیمی یادی (٧٠)هەمین ساڵیادی کردنەوەى ئۆفیسی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی (Gottingen)ی ئەڵمانی، تێیدا لێپرسراوانى زانکۆکە بە وردى باسیان لە مێژووى دامەزراندن و گەشەکردنى ئۆفیسى پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆکەیان کرد، هەروەک باسیان لە گرنگترینی ئەو کار و پڕۆژانە کرد، کە لە ماوەى تەمەنى دامەزراندنیدا پێشکەشى کردووە.
لە دووەم و سێیەم ڕۆژی كۆبونەوەكاندا هەنگاوەکانى ناساندن و جێبەجێکردنى پڕۆژەى (TIGRIS) دەست پێ کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا (د. ئوو مووس)، بەڕێوەبەری پرۆژەكە لە زانكۆی (Gottingen) بە ناوی سەرۆكی زانكۆکەیانەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد، پاشان كورتەیەكی لەسەر پڕۆژەكە و گرنگییەکەى خستە ڕوو.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکاندا، هەریەك لە نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى زانكۆكانى (سلێمانی، سەڵاحەددین/هەولێر، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، چەرموو، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، پۆلیتەكنیكی هەولێر، پۆلیتەكنیكی دهۆك) وەك پارتنەر لە پڕۆژەكەدا وتەی خۆیان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگترین پڕۆژەکانى ئێستا و داهاتووى دامەزراوەکەیان کرد، هیواشیان خواست جێبەجێکردنى پڕۆژەى (TIGRIS) ببێتە دەرگایەکى دیکە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى زانکۆکانى کوردستان بە ڕووى دەرەوە.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکاندا، بە وردى تیشک خرایە سەر لایەنى کرداریى پڕۆژەکە و، هەنگاوەکانى سێ ساڵى داهاتووى جێبەجێکردنى پڕۆژەکەش بە ئاماژەکردن بەکار و چالاکییەکان و ڕاهێنانەکان پێشکەشى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمى کوردستان کرا.
لە پڕۆژەکەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و زانکۆکانی (سەڵاحەددین/ هەولێر، سلێمانی، چەرموو، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سلێمانی و دهۆک) بەشدار دەبن، پڕۆژەکە تایبەت دەبێت بە دروستکردن و بەهێزکردنی توانای مامۆستایان و بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی کوردستان.
بۆیە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەرگایەکی دیکە بە ڕووی زانکۆکانی کوردستاندا دەکاتەوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای زانستیی مامۆستایان و ئاشنابوون بە پێشکەوتنەکانی جیهان، جگە لەوەش، دەرفەتی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بۆ خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئاڵمانیا و چیک دەڕەخسێنێ.
زانكۆی (جۆرج ئۆگهست گوتینگن)، یهكێكه له زانكۆ بهناوبانگهكانی جیهان و، له ساڵی (1737)دا دامهزراوه، جگه له پێگهیاندنی دهیان زانا و توێژەرى نێودهوڵهتی، (٥٠) خهڵاتی نۆبڵی له بواری زانستی و توێژینهوهدا بهدهست هێناوه و، پلەی یەکەمی زانکۆکانی ئاڵمانیای لە بواری بەهێزیی پێوەندیی دەرەکیدا هەیە، له ههمان كاتدا هاوبهشیی لهگهڵ دهزگای (ماكس پلانگ) ههیه، كه ئهوهش به پێنجهم دامەزراوەى توێژینهوهی زانستی لهسهر ئاستی جیهان دادهنرێت.
زیاتر
داوای هەڵوەشانەوەی کۆنسێرتە کەی هەولێری محمد ڕەمەزان دەکرێت
لهههولێر قهدهغهیه و له شارهكانی تر ئاسایه
ئاردی سپی كراوهی توركی قهدهغه كرا