بەرپرسێکی پارتی”ئێران بەردەوام پاڵپشتی لە ئێمە کردووە”

KGN – NEWS

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە پاش چاوپێکەوتنی شاندی ئەم حیزبە لە گەڵ باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە ئێران دۆستی کوردەکان و هەموو پێکهاتەکانی عێراقە. 

بەپێێ هەواڵی میدیاکانی ئێران سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتی  پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاندووە: کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتێکی کاریگەرە لە ناوچەکە و پەیوەندییەکی زۆر باشی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی هەیە.
میرانی وتی: پەیوەندییەکانی ئێمە و ئێران، مێژووییە و تەنانەت بۆ سەردەمی پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دەگەڕێتەوە.
ناوبراو دەشڵێت: ئێران بەردەوام پاڵپشتی کوردانی عێراق بووە و لە قۆناغە دژوارەکاندا پەنای ئێمە بووە و ئێستا پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران بەهێزتر بووە.
ئەم بەرپرسەی کوردستانی عێراق هەروەها وتی: ئێمە و ئێرانییەکان لە سەردەمی بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام خەباتێکی هاوبەشمان هەبووە و پێکەوە هاوکاریمان هەبووە و خوێنمان داوە.
جەختی کردەوە: ئێران بەردەوام پاڵپشتی لە ئێمە و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی عێراق کردووە.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وتی: بەڕێز مەسجدی لە دۆستانی نزیکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە و پەیوەندییەکی کۆنی لە گەڵ پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا هەیە.