پاککەرەوەکان زیانیان لە جگەرە زیاترە

KGN – تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە بەکارهێنانی کەرەستەکانی خاوێنکردنەوە بە بەردەوامیی زیانێکی ئەوتۆ لە کارایی سییەکان دەدات هاوشێوەی ئەوەی کەسێک رۆژانە 20 جگەرەبکێشێت.
توێژینەوەکە لە زانکۆی بێرگن لە نەرویج لەسەر شەش هەزار کەس و بۆماوەی بیست ساڵ ئەنجامدراوە و لە جۆرناڵی زانستی “American Journal of Respiratory and Critical Care Medicine” بڵاوبووەتەوە.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت خانمان بە تایبەت لە مەترسی تووشبوونن بە چەندین گرفتی تەندروستی، پاشئەوەی بۆماوەی درێژخایەن کەرەستەکانی خاوێنکردنەوە بەکاردەهێنن.
توێژەران بۆیان دەرکەوت ئەو خانمانەی لە بواری خاوێنکردنەوەی فەرمانگە و باڵەخانەکاندا کاردەکەن یان بەردەوام لە ماڵەوە بەکاریاندەهێنن، سییەکانیان بەشێوەیەک ناکارادەبن، هاوشێوەی ئەوەی کەسێک رۆژانە بیست جگەرەبکێشێ بۆماوەی 10-20 ساڵ.
لە توێژینەوەکەدا رێنمایی خانمان کراوە بۆ خاوێنکردنەوەی ماڵەکانیان و کەرەستەکانی ماڵەوەیان، تەنیا پارچە قوماشێک و هەندێک ئاو بەکاربهێنن، نەک ئەو کەرەستانەی خاوێنکردنەوەی وەکوو شامپۆ و زاهی و هاوشێوەکانیان.