فەڕەنسا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات

 

KGN – NEWS

فەڕەنسا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات بەهۆی ئەو هێرشە کیمیاییەی رژێمی سووریا بۆ سەر شاری دوما ئەنجامی دا و بەهۆیەوە دەیان قوربانی لێکەوتەوە. 

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی رژێمی سووریای کرد بەهۆی بەردەوامی گەمارۆکان و هێرشەکانی بۆ سەر غوتەی رۆژهەڵات.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا نیگەرانی قوڵی خۆی نیشاندا بەهۆی ئەو هێرشە کیمیاییەی کە شاری دومای کردە ئامانج. لۆدریان راشیگەیاندووە کە پاریس هەموو بەرپرسیاریەتییەکانی دەگرێتە ئەستۆ بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی کیمیایی. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان ئاماژەی بەوەشکردووە کە “بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانی جەنگە .ناوبراو  ئاماژەی بە کاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەپەلەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش نەکرد بەڵام سەرچاوەکانی دیپلۆماسی ئاشکرای کرد کە سبەی دووشەممە ئەنجوومەنی ئاسایش کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هێرشە کیمیاییەکەی سەر شاری دوما.

شایانی باسە بەپێی ئەو راپۆرتەی لە لایەن هەردوو پزیشکی سووری کە، سلێمان کەعکە و ئەیمەن ئەرباش کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن، بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە تاکو ئێستا بەهۆی هێرشە کیمیاییەکەی رژێمی سووریا بۆ سەر شاری دوما ٧٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیکەش بریندار بوونە.