“بودجەی 2018 ڕێگر دەبێت لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی عێراق ڕەوانەی هەرێمی دەکات”

KGN – NEWS

 بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابوری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لەبەرئەوەی پڕۆژە یاسای بودجە كەوتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە ئەوا ڕێگر دەبێـت لەوەی عەبادی ئەو پارەیە بۆ هەرێم ڕەوانە بكات، دەشڵێت: “پێشبینی دەكرێت تەنها ئەو بڕە پارەی لە بودجەی 2017 ماوە ڕەوانەی هەرێمی دەكات”.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابوری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2018 لە ڕۆژنامەی وەقائع بڵاوكراوەتەوە و كەوتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە و ئەوەش ڕێگر دەبێت لەوەی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەو پارەیە ڕەوانەی هەرێم بكات.

وتیشی، “هەموو پێشبینیەكان باس لەوە دەكەن، كە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیران ئەو بڕە پارەیەی، كە گلی داوەتەوە لە بودجەی 2017 تەنها ئەوە ڕەوانەی هەرێم دەكات و دواتر بودجە ڕێگر دەبێت لە ناردنی”.

ڕاشگەیاند، دەبێت ئیتر عەبادی بە پێی یاسای بودجەی عیراق مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، بەوەی هەرێم پابەند دەكات بە ڕادەست كردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەكان.

ئاشكراشیكرد، ئەو بڕە پارەی ئێستا ڕەوانەی هەرێمی دەكات، پێشتر بودجەی هەرێم بووە و نەیناردووە، بەڵام ئێستا بەو پاساوە ڕەوانەی دەكات بۆ ئەوە ڕێكەوتنە سیاسیەی، كە لەگەڵ هەرێم كردوویەتی.

شایانی باسە ئێوارەی ڕۆژی پێش نەورۆزی ئەمساڵ بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕی نزیكەی 318 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێم كرا و بەشێوەی پاشەكەوتی مووچە دابەشكرا

س.ئیشراق تی ڤی