وتەبێژی یەکێتی”نابێت كۆنگرەی نەتەوەیی بكەینە سوپرایز بۆ دەوروبەر”

KGN – NEWS

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت “پێویستە بەرلەوەی بڕیار لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بدرێت، هەڵسەنگاندن بۆ كاردانەوەی وڵاتانی هەرێمیش بكرێت”. بۆیە پێشنیاز دەكات، نەك هەر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەڵكو لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ بكرێت.
 سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە ڕدیۆی نەوای ڕاگەیاند “پێویستە بەرلەوەی بیر لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بكەینەوە، هەڵسەنگاندن بۆ جوگرافیای سیاسی كوردستان و ئەگەری كاردانەوەی وڵاتانی زلهێزی ناوچەكە بكەین”. جەختیشیكردەوە لەوەی “ئێمە ماران گەستین، دەبێت لە گوریسی رەشبەڵەك بترسین”.
وتیشی “ساڵی 2013 و لە كاتی ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بڕیاریان داوە نوێنەرانی ئەو وڵاتانەش بانگهێشتبكەن، كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، بۆئەوەی دڵنیایان بكەینەوە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی نییە و راپۆرتی كۆنگرەكەش وەك “ژیاننامە” واتە بۆ چۆنێتی پێكەوەژیان ئامادەكرابوو، هیچ دەستەواژەیەكیشی تێدا نەبوە، كە لێكدانەوەی جیای بۆ بكرێت”.
سەعدی ئەحمەد پیرە پێشیوایە، جیا لە هەڵسەنگاندن بۆ كاردانەوەی وڵاتانی ناوچەیی، پێویستە لەگەڵ چەند لایەنێكی نێودەوڵەتیش گفتوگۆ لەبارەی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەییەوە بكرێت و لەوروەوە وتی “پێویستە لەگەڵ پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، یەكێتی ئەوروپا، كۆمكاری عەرەبی و ئەوانەی پەیوەستن بە ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، گفتوگۆ بكرێت و كۆنگرەی نەتەوەیی نەكرێتە سوپرایز بۆ دەوروبەر”.